رزگار عه‌لی: پێدەچێت كۆنگرە چەند رۆژێك لە كاتی دیاریكراوی خۆی دوابكەوێت

- 12/2/2019 11:00:00 PM 2934 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئه‌مڕۆ رزگار عه‌لی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و لێپرسراوی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی یەكێتی لەگەڵ سكرتارییه‌ت و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی كۆبوەوە و رایگەیاند، پێدەچێت كۆنگرە چەند رۆژێك لە كاتی دیاریكراوی خۆی دوابكەوێت.
به‌پێی ئه‌و به‌رنامه‌ی كه‌ دامانڕشتوه‌ كۆنفرانسی مه‌ڵبه‌نده‌كان له‌ كاتی بڕیارلێدراودا ئه‌نجامده‌درێت

 

رزگار عه‌لی له‌باره‌ی كاره‌كانیان بۆ كۆنگره‌ی چواره‌م وتی: قۆناغی یه‌كه‌م كۆنفرانسی  كۆمیته‌كان و دواتریش مه‌كته‌به‌كان به‌شێوه‌یه‌كی شه‌فافی و دیموكراسی زۆر به‌سه‌ركه‌وتوی به‌رێوه‌چو، به‌پێی ئه‌و به‌رنامه‌ی كه‌ دامانڕشتوه‌ كۆنفرانسی مه‌ڵبه‌نده‌كان له‌ كاتی بڕیارلێدراودا ئه‌نجامده‌درێت كه‌ پرۆسه‌یه‌كی گرنگە و زیاتر له‌ چوار هه‌زار كه‌س ده‌نگده‌ر و 1438 كه‌سیش كاندیده‌ و هه‌مو رێكاره‌كانمان گرتوه‌ته‌ به‌ر كه‌ پرۆسه‌كه‌ به‌وپه‌ری شه‌فافییه‌ته‌وه‌ به‌رێوه‌بچێت.

به‌ستن و نه‌به‌ستنی كۆنگره‌ كۆتایی هاتوه‌ و ئه‌نجامدانی كۆنگره‌ حه‌تمیه‌ و هیچ ته‌فسیرێك هه‌ڵناگرێ

 

له‌باره‌ی هه‌ندێك هه‌واڵەوە وتی: به‌ستن و نه‌به‌ستنی كۆنگره‌ كۆتایی هاتوه‌ و ئه‌نجامدانی كۆنگره‌ حه‌تمیه‌ و هیچ ته‌فسیرێك هه‌ڵناگرێ، به‌ڵام به‌هۆی كاته‌وه‌ پێده‌چێت ته‌نها چه‌ند رۆژێك له‌واده‌ی دیاریكراوی خۆی دوا بكه‌وێت، به‌ڵام سه‌رجه‌م ئه‌ندام و كادیرانی یه‌كێتی دڵنیاده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ به‌ كۆنگره‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوه‌وه‌ ده‌چینه‌ ساڵی نوێوه‌.

پاشان زوبێر عوسمان جێگری یه‌كه‌می سكرتێری ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی، كار و ئه‌ركه‌كانی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی له‌ پرۆسه‌ی به‌رێوه‌چونی كۆنفرانسی كۆمیته‌كان و مه‌كته‌به‌كان و رێكاره‌كان بۆ كۆنفرانسی مه‌ڵبه‌نده‌كان به‌ گرنگ وه‌سفكرد كه‌به‌وپه‌ڕی په‌رۆشیه‌وه‌ كارده‌كه‌ن و ئاوات و ئامانجی بنكه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ی یه‌كێتی و كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان ده‌هێننه‌دی و وتیشی: هه‌مو هه‌وڵه‌كان بۆ كۆنگره‌ی چواره‌م هاتونه‌ته‌ به‌رهه‌م كه‌ به‌ گیانێكی هه‌ڤاڵانه‌ و پشتبه‌ستو به‌ په‌یره‌وی ناوخۆ كۆنگره‌یه‌كی سه‌ركه‌وتو ئه‌نجام ده‌ده‌ین و هه‌یكه‌ل و فۆرمی به‌رێوه‌بردنی یه‌كێتی گۆرانكاری تێدا ده‌كرێت كه‌له‌گه‌ڵ داوا و خواستی ئه‌ندام و جه‌ماوه‌ری یه‌كێتیدا بێت و وه‌ڵامی دۆخه‌كه‌ بداته‌وه‌.

راشیگه‌یاند: هه‌ڵوێستی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی هه‌ڵوێستی خه‌مخۆران و دڵسۆزانی یه‌كێتیه‌ و پشتبه‌ستو به‌ جه‌ماوه‌ر و كادیران و پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان و زیندانیانی سیاسیی و كه‌مئه‌ندامانی سه‌نگه‌ر و رێكخستنه‌ دێرینه‌كان و هه‌مو ده‌زگا و ئۆرگانه‌كان پێداگری و دڵنیایی ده‌ده‌ین له‌ چه‌ند رۆژی داهاتودا دوابه‌دوای كۆنفرانسی مه‌ڵبه‌نده‌كان كۆنگره‌ی چواره‌م ئه‌نجامده‌ده‌ین.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP