ئارام محەمەد: زۆربەى کۆلێژەکانى ئەندازیارى لە زانکۆکان کوردستان سیستمى بۆڵۆنیا پەیڕەو دەکەن

- 12/2/2019 10:14:00 PM 1650 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاشکرایکرد لەکۆى حەوت کۆلێژى ئەندازیارى لە زانکۆکانى کوردستان، پێنج کۆلێژ سیستمى بۆڵۆنیا پەیڕەو دەکەن، بۆ ساڵى داهاتوش دو کۆلێژەکەى دیکەش دەچنە ناو پڕۆسەکە، ئەمەش هاوکار دەبێت بۆ ئەوەى دەرچوان هەلى کاریان لەچوارچێوەى بڕوانامەکەیان دەستبکەوێت.

پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ دوشەممە ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى،بەشدارى لەکۆبونەوەى لیژنەى باڵاى پێداچونەوە بە خوێندنى بەشەکانى ئەندازیارى لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان كرد.
دەبێت هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ گەشەى ئابورى جیهان ناوەرۆکى خوێندنمان لەگەڵ بازاڕى کار بگونجێنین

 

لە کۆبونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: دەبێت هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ گەشەى ئابورى جیهان ناوەرۆکى خوێندنمان لەگەڵ بازاڕى کار بگونجێنین، ئەو بەشانەى بازاڕ پێویستى پێیەتى بایەخى زیاتریان پێبدرێت، وتیشى: ئەو گۆڕانکاریانەى بۆ خوێندنى ئەندازیارى بڕیارى لێوەدەدرێت دەبێ لەسەرخۆ و لەگەڵ واقیعى کۆمەڵگەکەمان هاوتابن، چونکە جێبەجێکردنى هەر سیستم و فەلسەفەیەکى زانستى دونیا دەبێت لەگەڵ هەلومەرج و واقیعى کۆمەلگەکە بگونجێت.

ئارام محەمەد بەئەندامانى لێژنەى باڵاى پێداچونەوە بە خوێندنى بەشەکانى ئەندازیارى لەزانکۆکانى هەرێمى کوردستانى ڕاگەیاند: وەزارەت بەرنامەیەکى وردى لەبارەى جێبەجێ کردنى هەنگاوەکانى بۆڵۆنیا پڕۆسێس هەیە، بۆ ئەوەش ڕایگەیاند: وابڕیارە کۆنفرانسێکى فراوان لەوبارەیەوە ئەنجام بدەین و لەڕێگەى دروستکردنى بۆردێکى تایبەتیش لەهەنگاوەکانى جێبەجێکردن و بەدواداچونى بۆلۆنیا پرۆسێس بکۆڵینەوە.

هەر لەکۆبونەوەکەدا داود سلێمان ئەتروشى سەرۆکى لیژنەى باڵاى پێداچونەوە بە خوێندنى بەشەکانى ئەندازیارى لەزانکۆکانى هەرێمى کوردستان لەپاڵ دەربڕینى سوپاسگوزارى بۆ وەزیرى خوێندنى باڵا لەبەشداریکردنى کۆبونەوەى لیژنەکەیان و بایەخدانیان بە خوێندنى ئەندازیارى لەزانکۆکانى هەرێم پوختەى کارەکانى لیژنەکەى ڕونکردەوە، بەتایبەت لەبارەى جێبەجێکردنى پرۆسەى بۆلۆنیاو متمانە بەخشین و ماوەى خوێندن و پێداگۆجى و تاقیگەکانى بەشەکانى ئەندازیارى لەزانکۆکانى هەرێم.

لەکۆتایى کۆبونەوەکەشدا ئەندامانى لیژنەى باڵاى پێداچونەوە بە خوێندنى بەشەکانى ئەندازیارى لەزانکۆکانى هەرێمى کوردستان سەرنج و پێشنیازەکانیان لەبارەى پێشخستنى زیاترى خوێندنى ئەندازیارى لەزانکۆکانى هەرێم پێشکەش بە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد.

لیژنەى باڵاى پێداچونەوە بە خوێندنى بەشەکانى ئەندازیارى لەزانکۆکانى هەرێمى کوردستان لە کارەکانى بەردەوامەو ئەندامانى لیژنەکە جگە لە ڕاگرى کۆلێژە ئەندازیاریەکان لەزانکۆکانى هەرێمى کوردستان سەندیکاى ئەندازیارانى کوردستانیش تێیدا ئەندامن.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP