سەرکردە سیاسیەکانی بریتانیا لەسەر روداوی هێرشەکەی لەندەن تۆمەت بەسەر یەکدا دەبەخشنەوە

- 12/2/2019 9:06:00 PM 1630 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆکوەزیرانی بریتانیا و سەرۆکی پارتی کرێکاری ئەو وڵاتە کە رکابەری دەکەن لەسەر بەدەستهێنانی زۆرینەی پەرلەمانی ئەو وڵاتە، دوای وچانێکی کەم لە دەڕبڕینی هاوخەمی بۆ کەسوکاری قوربانیانی هێرشە تێرۆرستیەکەی چەند رۆژی رابردوی لەندەن، هێرشەکانیان بۆ سەر یەکدی دەستپێکردەوە.

رێکەوتی 30/11 هێرشبەرێک لەسەر پردی لەندەن بە چەقۆ پەلاماری خەڵکی مەدەنی لەندەنیدا و تیایدا دو کەس گیانیان لەدەستدا، دواتر رێکخراوی تێرۆرستی داعش بەرپرسیاریەتی روداوەکەی لە ئەستۆگرت.

دوای تێپەڕبونی سێ رۆژ بەسەر روداوەکەدا، هەر یەکە لە بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بریتانیا و جێرمی کۆربین سەرۆکی پارتی کاری ئەو وڵاتە، لەچوارجێوەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیاندا یەکدیان تۆمەتبار دەکرد و بەرپرسیاریەتی ئەمنی روداوەکەیان دەدایە پاڵ یەکدی.

جۆنسن رایگەیاند، کە تاوانبارێکی لەو جۆرە نابێت لە زیندان ئازاد بکرێت، ئۆباڵی ئازادکردنی ناوبراوی دەدایە پاڵ سیاسەتی میانڕەوی پارتی کار کە بە وتەی ئەو کۆربن و پارتەکەی بانگەشەی بۆدەکەن.

لایخۆشیەوە جێرمی کۆربین، پارتی پارێزکارانی بەوە تۆمەتبار دەکرد کە ساڵانێکە بەهۆی کەمکردنەوەی شایستەی دارایی دەزگا ئەمنیەکان بوەتە هۆی کەمبونەوی چاودێری ئەمنی تاوانباران.

دوێنێ پۆلیسی بریتانیا ناسنامەی هێرشکەرەکەی بڵاوکردەوە، ناوی عوسمان خان بوە،  تەمەنی 28 ساڵبوە، بەهۆی کاری تیرۆرستیەوە ساڵی 2012 دەستگیرکراوە، پاشان بەمەرج لەساڵی رابردودا ئازادکراوە.

هاوکات لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا ڤیدیۆیەکی ساڵی 2008ی عوسمان خان بڵاوکراوەتەوە، کە تیایدا تەمەنی تەنها 17 ساڵ دەبێت، بە رۆژنامەنوسان رادەگەیەنێت، کە ئەو تیرۆرست نییە.

هەروەها دەڵێت، "لەئینگلتەرا لەدایکبوە، لە ستۆک ئۆن ترینت گەورە بوە، هەمو خەڵکی ئەو ناوچەیەش دەمناسن، ئەوان باش دەزانن کە من تیرۆریست نیم".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP