نوێکردنەوەی باجەکانی ترەمپ برازیل و ئەرجەنتینیشی گرتەوە

- 12/2/2019 8:00:00 PM 1962 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا فەرمانی کرد بە کاراکردنەوەی باجەکانی سەر برازیل و ئەرجەنتین بۆ هاوردەی ئاسن و ئەلەمنیۆمی ئەو دو وڵاتە.

ترەمپ سەبارەت بە بڕیاری نوێکردنەوەی باجەکانی سەر ئەو دو وڵاتە وتی" برازیل و ئەرجەنتین ڕوبەڕوی کەمبونەوەیەکی ئێجگارگەورە دەبنەوە لە بەهای دراوەکانیان و کەمبەهای دراوەکانیان و کەمی نرخی باجی هەناردەکانیان زیان بە جوتیارە ئەمریکیەکان دەگەیەنێت".

لایخۆیەوە جایر بۆلسانارۆ، سەرۆکی برازیل لەو باریەوە وتی" ئابوری ئەوان(ئەمریکا) زۆر گەورەترە لە هی ئێمە، بە هیچ جۆرێک بەراورد ناکرێت، باوەڕناکەم ئەو بڕیارە پەرچەکردار و تۆڵە بێت".

" پەیوەندی تەلەفۆنی پێوە دەکەم و داوای لێدەکەم سزامان نەدات، ئابوری ئێمە لە بەرهەمی خاوی کشتوکاڵیەوە سەرچاوەی گرتوە، ئەوە تەنها شتێکە کە هەمانە" بۆلسانارۆ وای وت.

ساڵی رابردو، دۆناڵد ترەمپ بڕیاریدا بە زیادکردنی باجی هەناردەی ئاسن و ئەلمنیۆمی برازیل بە رێژەی لەسەدا 25، زۆرترین رێژەی هەناردەی بازرگانی برازیل لە2018 دا ئاسن بو کە لەسەدا 3.7 ی هەناردەی ئەو وڵاتەی پێکدەهێنا و ئەمریکا گەورەترین هاوردەکاری ئەو بەرهەمەی برازیل بو.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP