پارێزگاری سلێمانی بۆ خەندان: دۆسیەی پرۆژە 36 ملیۆن دۆلارییەکەی قلیاسان لەدادگایە

- 12/2/2019 3:28:00 PM 4230 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، کەیسی پرۆژە گەشتیارییەکەی قلیاسان کە 36 ملیۆن دۆلاری تێدا خەرجکرا  و دواتر " ئاوبردی" لەدادگایە.
پرۆژەیەکی گەشتیاری لەچەمی قلیاسان کە 36 ملیۆن دۆلاری تێدا خەرجکراوە و ئاوبردویەتی

هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لەچاوپێککەوتنێکدا ئاشکرایکرد کە پرۆژەیەکی گەشتیاری لەچەمی قلیاسان کە 36 ملیۆن دۆلاری تێدا خەرجکراوە ئاوبردویەتی. 
پرۆژەکەی قلیاسان ساڵی 2011 ئەنجامدراوە و ئێستا لەدادگایە و هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە

هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لەبارەی پرۆژەکەوە لەلێدوانێکی تایبەتدا بۆ خەندان رایگەیاند، "پرۆژەکەی قلیاسان ساڵی 2011 ئەنجامدراوە و 36 ملیۆن دۆلاری تێدا خەرجکراوە، ئێستا لەدادگایە و هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە."

ناوبراو رەتیکردەوە ناوی کۆمپانیا و لایەنی جێبەجێکار بۆ خەندان ئاشکرا بکات، بەڵام وتی، " چەندین پرۆژەی لەوجۆرە لەسلێمانیدا هەیە کە بڕە پارەیەکی زۆریان تێدا خەرجکراوە و دواتر سودیان لێوەرنەگیراوە." 

بەرپرسانی ئیدارەی پارێزگای سلێمانی چەندین جار رایانگەیاندوە، چەندین پرۆژە لە سلێمانی بە تەواونەکراوی ماونەتەوە یاخود بەشێوەیەکی خراپ دروستکراون.

پارێزگاری سلێمانی جەختی کردەوە ئەو پرۆژانە پێش دەستبەکاربونی ئەو وەکو پارێزگار بڕیاری جێبەجێکردنیان دراوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP