سلێمانى؛ رێژه‌ى هاورده‌كردنى به‌روبومى ده‌ره‌كى بۆ مانگى 12 دیاریكرا

- 12/2/2019 3:24:00 PM 590 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

به‌هۆی زیادبونی به‌روبومی ناوخۆیی له‌ په‌له‌وه‌ر و ئاژه‌ڵ، رێژه‌ی هاورده‌كرنیان كه‌مده‌كرێته‌وه‌ و قائیمقامى سلێمانیش رایدەگەیەنێت، وه‌به‌رهێنان له‌ پرۆژه‌ كشتوكاڵییه‌كاندا له‌ گه‌شه‌سه‌ندندایه‌ و بایه‌خى زیاتریش به‌ به‌روبومى ناوخۆیى ده‌ده‌ن.

ئاوات محه‌مه‌د، قایمقامی سلێمانی له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی دیاری كردنی به‌روبومی ئاژه‌ڵی و په‌له‌وه‌ری پارێزگای سلێمانیدا كۆبوه‌وه‌، پاش هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئاستی به‌رهه‌مهێنانی به‌روبومی ناوخۆیی بڕیاردرا پێداچونه‌وه‌ به‌بڕی ئه‌و به‌روبوم و پێداویستیانه‌دا بكرێت كه‌ هاورده‌ی پارێزگاكه‌ ده‌كرێت.

ده‌رباره‌ى به‌ربونى ناوخۆیى قایمقامى سلێمانى رایگه‌یاند، وه‌ك هه‌میشه‌ بایه‌خ و گرنگى ته‌واو به‌به‌روبونى خۆماڵ و پرۆژه‌ كشتوكاڵییه‌ ناوخۆییه‌كان ده‌ده‌ن و ئه‌و گرنگیپێدانه‌ش له‌ ماوه‌ى رابردودا رۆڵى گرنگى هه‌بوه‌ له‌ گه‌شه‌سه‌ندنى به‌روبومى ناوخۆی و په‌ره‌دان به‌پرۆژه‌ كشتوكاڵییه‌كان.

له‌ دوای كۆبونه‌وه‌كه‌ش رزگار حەمەد، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كشتوكاڵی سلێمانی رایگەیاند، به‌هۆی زۆربونی پرۆژه‌ كشتوكاڵیه‌كان و به‌رزبونه‌وه‌ی ئاستی به‌رهه‌می ناوخۆ هه‌روه‌ها بۆ پشتگیری جوتیاران و پرۆژه‌ كشتوكاڵییه‌كان، به‌روبومه‌ په‌له‌وه‌ریه‌كان تا ئاستی له‌سه‌دا 90 به‌رهه‌می ناوخۆ پڕده‌كاته‌وه‌.

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، له‌ رێژه‌ی به‌روبومه‌ هاورده‌كراوه‌كان ره‌چاوی زیادبونی به‌رهه‌می ناوخۆ و كه‌مبونه‌وه‌ی به‌كارهێنان له‌وه‌رزه‌كاندا كراوه‌، لیژنه‌كه‌ بۆ مانگی 12ی ئه‌مساڵ بڕیاری دا 300 تۆن مریشكى به‌ستو به‌ ره‌چاوگرتنى پێداویستى بازاڕ و 800 تۆن ماسی و 500 تۆن گۆشتی سور و هه‌روه‌ها رێگه‌ به‌ هاورده‌كردنی سێ هه‌زار و 750 سه‌ر ئاژه‌ڵ بدرێت و هاورده‌كردنى هێلكه‌ش هاوشێوه‌ى مانگه‌كانى تر قه‌ده‌غه‌ بكرێت.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP