"لە کەمترین ماوەدا حکومەت پێکدەهێنرێت"
پەرلەمانتارێکی فەتح: جێگرەوەکانی عەبدولمەهدی لە فەیسبوکەوە دەستنیشان ناکرێن

- 12/2/2019 11:03:00 AM 3939 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانی فەتح رایگەیاند، هەندێک کەس لە فەیسبوکەوە وەکو جێگرەوەی عادل عەبدولمەهدی ناویان دەهێنرێت، کە ئەوە کارێکی راست نیە، دەشڵێت، کۆدەنگی هەیە کە بە زوترین کات جێگرەوەیەی سەرۆک وەزیران دیاری بکرێت.
بەشێکی زۆری ئەو ناوانەی باس دەکرێت لە راستیدا هیچ چانسێکی بون بە سەرۆک وەزیرانیان نیە

 

حەنین قەدۆ، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح کە هادی عامری سەرۆکایەتی دەکات زۆرینەی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە خۆگرتوە، بە ماڵپەڕی سۆمەر نیوز-ی راگەیاندوە، "بەشێکی زۆری ئەو ناوانەی باس دەکرێت لە راستیدا هیچ چانسێکی بون بە سەرۆک وەزیرانیان نیە، ئەو ناوانە تەنها هەواڵی فەیسبوکن".

باسی لەوەشکردوە، هەنگاوی ئایندە دیاریکردنی ئەو کوتلەیەیە کە زۆترین کورسی هەیە بۆ ئەوەی ناوی سەرۆک وەزیران رابگەیەنێت و دۆخی ئێستای عێراق بەرگەی دواخستنی هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەت ناگرێت، بۆیە پێویست دەکات هەمو لایەنەکان جیاوازییەکانیان وەلا بنێن.
یەکی ئەم مانگە کۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبونی 241 پەرلەمانتار بەڕێوەچو و دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی پەسەندکرد

 

یەکی ئەم مانگە کۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبونی 241 پەرلەمانتار بەڕێوەچو و دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی پەسەندکرد، هاوکات داواشی لە سەرۆک کۆماری عێراق کرد کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دیاریبکات.

لە وتاری هەینی رۆژ 29ی تشرینی دوەمدا نوێنەری عەلی سیستانی، مەرجەعییەتی باڵای شیعەکانی عێراق رایگەیاند، داوای رێوشوێنی نوێی بۆ وەڵامدانەوەی خۆپیشاندەران کرد، لە وەڵامیشدا عەبدولمەهدی پاشنیوەڕۆی هەمان رۆژ عادل عەبدولمەهدی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی بڵاوکردەوە.

عەبدولمەهدی لە نامەکەیدا نوسیویەتی، "بەوپەڕی سەرنجەوە گوێم لە وتاری مەرجەعیەتی باڵای ئاینی گرت، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو داواکارییە و خێراکردن و ئاسانکردنی بەدیهێنانی بەزوترین کات، نوسراوێکی فەرمی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بەرزدەکەمەوە و داوای دەستلەکارکێشانەوە لە سەرۆکایەتی حکومەتی ئێستا دەکەم".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئەنجومەنی نوێنەران دەرفەتی ئەوەی بۆ برەخسێت چاو بە بژاردەکانیدا بخشێنێتەوە، لەکاتێکدا دور و نزیک دەزانن من پێشتر ئەو بژاردەیەم بە لە یاداشتە فەرمییەکاندا بەئاشکرا خستبوەڕو، بەشێوەیەک بەرژەوەندی گەل و ڵات بەدیبهێنێت".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP