بەپەلە

حەیدەرعەبادی داواكارییەك لەسەر پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق دەخاتەرو

- 12/1/2019 10:31:00 PM 25295 جار خوێندراوەتەوە

خەندان - 

حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی نەسرو سەرۆكوەزیرانی پێشوی عێراق رایگەیاند، خۆم بۆ سەرۆكوەزیران كاندید ناكەم و داوا دەكەم ئەو كاندیدە كەسێكی سەربەخۆ بێت"

حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی پێشوی عێراق رایگەیاند،"پێداگرم لەسەر ئەوەی هەڵوێستەكانم لە بەرژەوەندی گەل و چاكسازی دەوڵەت بێت، بەردەوام دەبم لەسەر بەرگریكردن لە گەل و نیشتیمان، لە پێگەی بەرپرسیارێتی نیشتیمانییەوە، نەك ئەو مونافەسەو پێگەیەی لەماوەی ساڵی رابردودا هەموان رەتیانكردوەتەوە"

سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی نه‌سر راشیگەیاندوە،"نابم بە لایەنێك لە هەڵبژاردنی كاندیدی سەرۆكوەزیران لەم قۆناغەدا، داوا دەكەم ئەو كاندیدە كەسێكی سەربەخۆ بێت و متمانەی گەل بەدەستبهێنێت."

رۆژی هەینی 30/11/2019 لەوەڵامی عەلی سیستانی، مەرجەعییەتی باڵای شیعەکانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق نامەیەكی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشی پەرلەمانی عێراق كرد.

عەبدولمەهدی لەنامەی دەستلەکارکێشانەوەکەیدا نوسیویەتی،"بە وردی گوێم لە وتارەكەی مەرجەعی باڵا گرت سەبارەت بە پێداچونەوە بە دۆخی نائاسایی و ئاڵۆزی وڵاتی پێدا تێدەپەڕێت، لەكاتێكدا بەرونی دیارە لایەنە پەیوەندیدارەكان بێدەسەڵات بون لەئاست مامەڵەكردن لەگەڵ دۆخەكە و پاراستنی مافی هاوڵاتیان و رژانی خوێنیان".

ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبونی 241 پەرلەمانتار دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی بەزۆرینەی دەنگ پەسەندکرد، هاوکات داوای لە سەرۆک کۆماری عێراق کرد کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دیاریبکات.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP