مەرجەعیەتی نەجەف و قوم..ململانێی بێدەنگ

- 12/1/2019 9:32:00 PM 8807 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

هەتا ئێستا بە ئەندازەی ئەمڕۆ روخساری ململانێی نێوان مەرجەعیەتی نەجەف و قوم بە رونی دەرنەكەوتوە.

خۆپیشاندانەكانی عێراق ئەو سەرزەمینە بو کە ململانێکانی نێوان ئەو دو مەرجەعیەتەی بەتەواوی زەق کردەوە، بەتایبەت کاتێک ئایەتوڵا عەلی سیستانی، گەورە مەرجەعی شیعەكانی عێراق و مەرجەعیەتی نەجەف، داوای وەستاندنی دەستێوەردانی دەرەكی كرد لە كاروبارەكانی عێراق، كە ئەمەش وایكرد پەیوەندیە دبلۆماسیەكانی عێراق و ئێران ئاڵۆز ببن، بەجۆرێک لە گۆڕەپانی خۆپیشاندانەكانی عێراقدا وێنەكانی عەلی خامنەئی و قاسم سولەیمانی سوتێنران، كە ئەمەش شتێكی بێ پێشینە بو لەو شارانەی زۆرایەتی شیعە نشینن.

خۆپیشاندانەكانی عێراق ئەو سەرزەمینە بو کە ململانێکانی نێوان ئەو دو مەرجەعیەتەی بەتەواوی زەق کردەوە

 

جیاوازیەکان تۆختریش دەبنەوە بەتایبەت كاتێك سیستانی بەڕونی داوای دەستوەرنەدانی ئێرانی و رۆژئاواییەكانی كرد لە عێراق و لەپشتی داخوازیە ڕەواکانی خۆپێشاندەرانەوە وەستا، بەڵام بەپێچەوانەوە سەركردەو بەرپرسە ئێرانیەكان داوای روبەروبونەوەی توندی خۆپیشاندەرانیان لە بەرپرسانی عێراق دەكرد و لەپشت حکومەتی عێراقەوە وەستان.

ریشەی یەکێک لەجیاوازیەکانی مەرجەعیەتی قوم و نەجەف  کە بۆ ئێستا درێژ دەبێتەوە بریتیە لە بونی ڕوانگەی جیاواز  لەسەر ولایەتی فیقهی

 

ھەرچەندە ململانێی مەرجەعیەتەکان بۆ ڕوانگە دینیەكان شتێكی نوێ نیە، بەڵام ریشەی یەکێک لەجیاوازیەکانی مەرجەعیەتی قوم و نەجەف  کە بۆ ئێستا درێژ دەبێتەوە بریتیە لە بونی ڕوانگەی جیاواز  لەسەر ولایەتی فیقهی.

لە روانگەی سیاسیشەوە ململانێكانی ئەو دو مەرجەعیەتە پەیوەندیدارە بە ڕەنگدانەوەی خواستی عێراقییەكان لە ڕوئیای مەرجەعیەتی نەجەفدا بەتایبەت ئەوەی پەیوەندیدارە بە خواستی عێراقیانەی رێگریكردن لە دەستێوەردانە دەرەكییەكان کەھۆکارن بۆ تاڵانكاری سەروەتە نیشتیمانیە عێراقیەكان و بڵاوبونەوەوەی ھەژاری و گەندەڵی لە عێراقی نوێی دوای ڕوخاندنی سەدامەوە.

لەڕاستیدا لێكچون و جیاوازییەكانی نێوان مەرجەعیەتی قوم و نەجەف لەسەر سێ پایە وەستاوە.

ڕوانگەی جیاوازی قوم و نەجەف لەھەمبەر خواستی بەکارھێنانی سەرچاوە و ئامڕازەکانی بندەستی ھەردو مەرجەعیەتەکە سەرچاوە دەگرێت، ئەمەش سەرئەنجام وایكردوە ململانێیەكی بەردەوام و بێدەنگ لە نێوان ئەم دو مەرجەعیەتە بێتە ئاراوە

 

پایەی یەكەم: خۆی لەوە دەبینێتەوە، كە ئەو دو مەرجەعیەتە لێكچون و جیاوازییەكانیان بەیەك ئەندازەیە، پایەی دوەم بونی ناوچەی جێ نفوزی جیاوازو هاوبەشە لەیەک کاتدا، پایەی سیھەمیش پەیوەستە بە ڕوانگەی جیاوازی قوم و نەجەف لەھەمبەر خواستی بەکارھێنانی سەرچاوە و ئامڕازەکانی بندەستی ھەردو مەرجەعیەتەکە. ئەمەش سەرئەنجام وایكردوە ململانێیەكی بەردەوام و بێدەنگ لە نێوان ئەم دو مەرجەعیەتە بێتە ئاراوە، کە پەیوەندیدارە لەسەر جۆری مەرجەعیەت و ناوچەی جێ نفوز و چۆنیەتی بەكارهێنانی هۆكارە جیاوازە ئاینی و کۆمەڵایەتی و سیاسیەكانی بندەستیان. 

خاڵێكی زەقی جیاوازی مەرجەعیەتی نەجەف لە مەرجەعیەتی قوم پەیوەستە بە ویلایەتی فیقهی كە لەلایەن مەرجەعیەتی نەجەفەوە پاڵپشتی ناكرێت و بەپێچەوانەوە لەلایەن مەرجەعیەتی قومەوە بەتەواوی تەبەنی دەكرێت.

مەرجەعیەتی نەجەف و قوم بەتەواوی لێكجیاوازن لە ڕوئیایان بۆ سیاسەت و مامەڵەیان بە دەسەڵاتەوە

 

وێڕای لێكچونی ئەو دو مەرجەعیەتە لەڕوی شوناسی ئاینیەوە، بەڵام بەتەواوی لێكجیاوازن لە ڕوئیایان بۆ سیاسەت و مامەڵەیان بە دەسەڵاتەوە، لەم ڕوەوە بەدرێژایی مێژوی ئامادەگی كۆمەڵایەتی و دینی خۆی، سیاسەت و دەسەڵات بەشێك نەبوە لەناو روئیای مەرجەعیەتی نەجەفدا، دەستوەردانی لەكاروباری سیاسی عێراق نەكردوە، تەنها لەكاتی پێویست و سەرهەڵدانی قەیرانە قوڵەكاندا نەبوبێت. خۆئەگەر دەستوەردانیشی کردبێت تەنھا ئەو كاتانە بوە کە لەرێگەی عەلی سیستانی بۆ چارەسەری پرسێکی ستراتیژی بەشێوەیەکی کاتی هاتۆتە ناو كایەكەوە و بە تەنهاش لەناوچەی جێنفوزی خۆی لە عێراقدا وەكو رێنوێنی و ئامۆژگاریكار هەنگاوی ناوە، بەڵام بەپێچەوانەوە مەرجەعیەتی قوم كە لەلایەن رابەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران عەلی خامنەیی سەركردایەتی دەكرێت و خامنەیی خۆی لەگەورەترین پێگەی دەسەڵاتی سیاسی و ڕوحی وڵاتدایەو جگە لە ئێران و لەدەرەوەی سنورە دەوڵەتیەکانی خۆشی ھەژمونی مەجەعیەتی قوم لە سەرتاسەری دنیای شیعە لە هەرێمەكەدا، هەر لە ئێرانەوە درێژدەبێتەوە بۆ عێراق و سوریا و بەحرەین و یەمەن و لوبنان و فەڵەستین.

سەرەکیترین  ململانێكانی نێوان ئەو دو مەرجەعیەتە لە ھەوڵ و ھەژمونەکانیان دایە، نەجەف دەیەوێت بەرگری لە خۆی بكات و عێراقیبونی خۆی لە روانگە كۆمەڵایەتی و دینیەکانی بە سەربەخۆیی بهێڵێتەوە

 

لەم ڕوەوە سەرەکیترین  ململانێكانی نێوان ئەو دو مەرجەعیەتە لە ھەوڵ و ھەژمونەکانیان دایە. ھەرچی مەرجەعیەتی نەجەفە ھەوڵەکانی بۆئەوەیە پارێزگاری لەھەژمونی خۆی بکات بەسەر ناوچەکانی جێنفوزی خۆیدا لە عێراق و بەرگری لە شوناس و تایبەتمەندیە عێراقیەکانی خۆی بکات و ڕێگری بکات لە دەستوەردانی سیاسیانەی مەرجەعیەتی قوم لەناوچەكانی جێنفوزی ئەو بەجۆرێک نەجەف بتوانێت بەرگری لە خۆی بكات و عێراقیبونی خۆی لە روانگە كۆمەڵایەتی و دینیەکانی بە سەربەخۆیی بهێڵێتەوە، بەڵام هەرچی مەرجەعیەتی قومە وەكو ھیلال و هێڵێكی بەرفراوان سەیری هەمو هەرێمە شیعیەكانی ناوچەکە دەکات و دەخوازێت روئیاكانی ولایەتی فیقهی و روانگە كۆمەڵایەتی و دینی و سیاسیە ئێرانیەكانی خۆی بەسەر ئەو ناوچانەدا بسەپێنێت و تایبەتمەندیەكانی مەرجەعیەتی قوم بكات بە تایبەتمەندییەكانی هەمو هەرێمە شعیەكانی ئەو ناوچانەش کەئەمەش بۆ مەرجەعیەتی نەجەف مایەی پەسندکردن نیە.

لەڕاستیدا لە دوای 2003 ەوە سەرەتای قەبارەی ململانێكانی نێوان مەرجەعیەتی قوم و نەجەف زەقتر دەركەوتن، بەتایبەت لەو بوارانەی پەیوەندیداربون بە بنیاتناتی سیستمی فەرمانڕەوایی نوێ بەتایبەت ئەو كاتانەی كە مەرجەعیەتی نەجەف داوایكرد هەڵبژاردنی گشتی بكرێت و فشارەكانی زیادكرد بۆ سەربەخۆترکردنی عێراق و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی بۆ پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2005 و نوسینەوەی دەستور ھەتا ببێتە سەرچاوەی  رێكخستنی ململانێكانی نێوان هێزە سیاسیەكانی عێراق.

خاڵێكی دیكە کەوایکرد مەرجەعیەتی نەجەف زیاتر سەربەخۆ دەربکەوێت ئەو كاتەبو كە فتوای روبەروبونەوەی داعش لەلایەن سیستانیەوە بەناوی "جیهادی خۆبەخشانە"دەركرا بێگومان پێش ئەوەش سیستانی توانیبوی ڕۆڵی مەرجەعیەتی نەجەف بەڕونی بەرجەستە بکات كاتێك لە ساڵی 2010 لە قەیرانی دانانی سەرۆكوەزیراندا کە ماوەی 9 مانگی خایاند و ململانێ كەوتە ناو هێزە سیاسیە سەرەکیە شیعەكانی عێراق و داوایکرد پەلەبكرێت لە دانانی سەرۆكوەزیران بۆ عێراق، کە دواجار ئەمەش وایكرد سەرۆكوەزیرانی عێراق لە دەستی مەرجەعیەتی نەجەفدا بهێڵێتەوە وێڕای کاریگەرییە گەورەکانی مەرجەعیەتی قوم لە ئێران.

مەرجەعیەتی نەجەف سەرقاڵی گەشەپێدانی قوتابخانە ئاینی و روانگە كۆمەڵایەتیەكانیەتی و لەنێوان خۆی و دەسەڵات مەودایەکی باشی هێشتۆتەوە 

 

خاڵێکی دیکەی جیاوازی نێوان ئەم دو مەرجەعیەتە ئەوەیە كە، مەرجەعیەتی نەجەف سەرقاڵی گەشەپێدانی قوتابخانە ئاینی و روانگە كۆمەڵایەتیەكانیەتی و لەنێوان خۆی و دەسەڵات مەودایەکی باشی هێشتۆتەوە ئەمەش لەپێناو پاراستنی هەژمونی روحی خۆی، بەڵام هەرچی مەرجەعیەتی قومە توند دەستی گرتوە بە چەمكەكانی دەسەڵات و خۆی لەسەرەوەی هەڕەمی دامەزراوەی دەوڵەتدایە لە ئێراندا و تەواوی جومگە گەورەكانی گرتۆتە دەست و مامەڵە لەگەڵ هەمو بابەتە گشتی و تایبەتیەكان بەمافی ڕەوا و بنەبڕی خۆی دەزانێت.

هەرچی مەرجەعیەتی قومە توند دەستی گرتوە بە چەمكەكانی دەسەڵات و خۆی لەسەرەوەی هەڕەمی دامەزراوەی دەوڵەتدایە لە ئێراندا و تەواوی جومگە گەورەكانی گرتۆتە دەست

 

لەم نێوەندەدا ململانێیەکی  بێدەنگ، بەڵام بەردەوام بونی ھەیە. ئەمە بەچەشنێکە مەرجەعیەتی قوم خۆی بە رابەری تەواوی شیعەكانی هەرێمەكە دەزانێت و جوگرافیا ناناسێت و لە جوگرافیایەكی دیاریكراودا خۆی قەتیس ناكات، بەپێچەوانەی مەرجەعیەتی نەجەفەوە كە دەیەوێت لەناوچەی جێنفوزی دیاریكراوی خۆی لە عێراقدا جوڵەی سنوردار بکات و سەربەخۆبونی خۆی بهێڵێتەوە و پارێزگاری لە جێنفوزی خۆی بكات.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP