خەندان ناوی دیارترین جێگرەوەکانی عەبدولمەهدی بڵاودەکاتەوە
دوای دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی، دۆخی عێراق بەکوێ دەگات

- 12/1/2019 12:11:00 PM 39626 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دوای دو مانگ لە خۆپیشاندان و کوژرانی لانیکەم 420 کەس، ئێوارەی 29ی تشرینی دوەم عادل عەبدولمەهدی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە سەرۆکایەتی حکومەت راگەیاند، ئێستا پرسیاری ئەوەی کە ئایا دەستلەکارکیشانەوەی عادل عەبدولمەهدی دەبێتە هۆی راگرتنی خوێنڕێژی زیاتر و چارەسەری کێشەکان دەکات، یان ئاڵۆزتری دەکات.

بەشێکی زۆر لە عێراقییەکان ترسیان هەیە لەبارەی بەردەوامی گرژییەکان، لەکاتێکدا ژمارەیەکی زۆر خەڵکی کوژراون، حکومەتیش بەسستی هەنگاو بۆ جێبەێکردنی داخوازییە خێراکانی شەقامی عێراقی بهاوێژێت.
دەستلەکارکێشانەوەی عەبدولمەهدی سەرەتای کۆتایی کێشەکانە

 

فائق شێخ عەلی، نوێنەری بەغدای پایتەخت لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی حوڕەی ئەمریکی رایگەیاند، پێیوایە دەستلەکارکێشانەوەی عەبدولمەهدی سەرەتای کۆتایی کێشەکانە، "لەبەر ئەوەی یەکەمین داواکاری خەڵکی عێراقی بو و داواکارییەکانی دیکەشی بەدوادا دێت، لەوانە هەمواری دەستور و یاسای هەڵبژاردن و کۆمسیۆنی هەڵبژردنەکان، لەبەر ئەوە ترسی ئێمە زیاتر لە دوای عەبدولمەهدییە ".
خۆپیشاندەران بە کەسێک رازی نین کە پێشوتر لە حکومەتدا بو بێت

 

ئاماژەی بەوەشکرد، خۆپیشاندەران بە کەسێک رازی نین کە پێشوتر لە حکومەتدا بو بێت، هێزە سیاسییەکانیش بە ئاسانی ناچنە ژێر باری دانانی کەسێکی بێلایەن بۆ سەرۆکایەتی حکومەت.

هەروەها رەعد هاشم، توێژەر لە ناوەندی عێراق بۆ توێژینەوەی سترتیژی باس لەوە دەکات، هەردو هاوپەیمانی فەتح و سائیرون کە دو گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانین، پێویست دەکات لە ماوەیەکی زەمەنی کورتدا لەسەر کاندیدێک بۆ سەرۆکایەتی حکومەتی رێکبکەون، کە رەزامەندی خۆپیشاندەرانیشی لەسەر بێت چونکە "خۆپیشاندەران پێیانوایە ئەوان خاوەنی هەستانەوەی عێراقن و بە گیانی خۆیان ئەوە دۆخەیان بەرهەمهێناوە".

دوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک وەزیرانیش لە رۆژی 29ی تشرینی دوەمەوە تا ئەمڕۆش خۆپیشاندەرانی بەغدا و شارەکانی باشور لەسەر شەقامەکان ماونەتەوە، باس لەوەدەکەن رۆشتنی عەبدولمەهدی بە تەنها بەس نیە و پێویستە "هەمو رەمەزە دیارەکانی گەندەڵی" دەستبەرداری پۆستەکانیان ببن.

جێگرەوەکانی عەبدولمەهدی 

رەعد هاشمی ئاماژە بەوە دەکات، ژمارەیەکی زۆر ناو وەکو جێگرەوەی عەبدولمەهدی باس دەکرێن وەکو فائق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری عێراق، "هەرچەندە دەگوترێت کەسێکی گونجاوە بۆ ئەو پۆستە و لایەنەکان لەبارەیەوە نزیکن بەڵام بە دور دەزانرێت ئەو دیاریبکرێت چونکە کەسێکی سونەیە، بەتایبەت بە گوێرەی رێککەوتنی پێکهاتەکان ئەو پۆستە مافی شیعەکانە".
 سیستانی نایەوێت کەسێک ببێتە جێگرەوەی عەبدولمەهەدی کە پێشوتر لە پۆستی حکومەیدا تاقیکرابێتەوە

 

بەگوێرەی هەندێک سەرچاوەش مەرجعیەتی عەلی سیستانی، لە نەجەف نایەوێت کەسێک ببێتە جێگرەوەی عەبدولمەهەدی کە پێشوتر لە پۆستی حکومەیدا تاقیکرابێتەوە.
چەند تایبەتمەندیەک وایکردوە عەبادی ببێتە ناوێکی خوازراو بۆ سەرۆک وەزیرانی داهاتو

 

هاوکات ناوێکی دیکە کە باس دەکرێت قوسەی سوهیل، وەزیری خوێندنی باڵای عێراقە کە سەر بە رەوتی سەدرە، هەروەها شوێنگرەوەی سیێەم حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانی نەسڕە، رەعد هاشمی رای وایە "هەرچەند گەندەڵی لەسەردەمی عەبادیشدا بونی هەبوە، بەڵام بونی ئەزمونێکی زۆر لە بریتانیا و هەماهەنگی عەبادی لەگەڵ خۆپیشاندەران و موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدر و سەرکەوتنی بەسەردا داعشدا وایکردوە عەبادی ببێتە ناوێکی خوازراو بۆ سەرۆک وەزیرانی داهاتو".
بەشێک لە خۆپیشاندەرانیش ناوی فەریق عەبدولوەهاب ساعدی فەرماندەی پێشوی دەزگای دژە تیرۆری عێراق وەکو دڵخوازی خۆیان بۆ جێگرەوەی عەبدولمەهدی  باس دەکەن

 

بەشێک لە خۆپیشاندەرانیش ناوی فەریق عەبدولوەهاب ساعدی فەرماندەی پێشوی دەزگای دژە تیرۆری عێراق وەکو دڵخوازی خۆیان بۆ جێگرەوەی عەبدولمەهدی  باس دەکەن، کە لە کاتی ناڕەزاییەکاندا چەندجارێک چوە ناو خۆپیشاندەرانەوە.

هاوکات موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر پێشنیازی کردوە ژمارەیەک ناو کە کوتلە سیاسیە لەسەر رێککدەکەون ببرێتە بەردەم خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانی تەحریر و ئەوانیش لە دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتودا بەشدری بکەن.

ناکۆکی نێوان ئێران و گۆڕەپانەکانی خۆپیشاندان

پەرلەمانتار فائق شێخ عەلی سەبارەت بە ململانێکان لەسەر  سەرۆک وەزیران باس لەوە دەکات، "ئاسان نیە دیاریکردنی سەرۆک وەزیران لەم کاتەدا چونکە هێزە سیاسییەکانی عێراق هەرچەندە گەورەش بن لە ئاستی ناڕەزاییەکانی ئێستای خەڵکیدا بچوکن، بۆیە بەبڕوای من لە ئێستادا هیچ کەسێک ناو سیاسەتی عێراق شیاوی ئەوە نییە ببێتە سەرۆکی حکومەت".
ململانێی داهاتو لە نێوان هێزەکانی نزیک لە ئێران لە چوارچێوەی هاوپەیمانی فەتحدان لەگەڵ خۆپیشاندەراندان قورس دەبێت

 

رونیشدەکاتەوە، "ململانێی داهاتو لە نێوان هێزەکانی نزیک لە ئێران لە چوارچێوەی هاوپەیمانی فەتحدان لەگەڵ خۆپیشاندەراندان قورس دەبێت، چونکە فەتح (زۆرینەی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە خۆگرتوە) دەیەوێت سەرۆک وەزیرانێک بێتە سەر حکوم کە هەمان بەرنامەی عەبدولمەهدی تەواو بکات، بەڵام خۆپیشاندەران داواکارن لە ماوەیەکی کاتیدا هەمو رێگاکان  و دەموچاوەکانی گەندەڵی لە عێراقدا دوربخرێنەوە".

رەعد هاشمی وەکو ئەندامی ناوەندی عێراق بۆ پرسە ستراتیژییەکان داواکارە کە "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە لە عێراقدا کارا بێت بۆ ئەوەی جێگرەوەی سەرۆک وەزیرانی ئایندە دور بێت لە نفوزی ئێران و کەسێکی بێ لایەن بێت، بە پێچەواشەوە نەبونی  کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەرگا بۆ دەستێوەردانی زیاتری دەرەوە بە تایبەت ئێران دەکاتەوە".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP