چۆنیەتی ڕوداوەکەی كوڵەجۆ و زانیاری تایبەت لەسەر ژیانی ڕائید سمکۆ و شەهیدبونی

- 11/30/2019 7:46:00 PM 14008 جار خوێندراوەتەوە

خەندان - نیگار عومەر 

ڕائید سمکۆ، بەڕێوبەری ئاسایشی ناحیەی کوڵەجۆ دوای دوجار بریندارکردن و یازدە ساڵ لە خزمەتکردن ئەمشەو لەلایەن چەكدارانی داعشەوە شەهید کرا.

یەكێك لەو كارمەندانەی ئاسایشی كوڵەجۆ كە شەوی رابردو لەگەڵ ڕائید سمکۆ بەشداری لە ڕوبەڕوبونەوەی چەکدارانی داعش كرد، بەخەندان-ی ڕاگەیاند،"ئەمشەو سێ چوار گولە هاوەن ئاڕاستەی ناحیەی کوڵەجۆ کرا، نەمانزانی لە چ شوێنێکەوە هات دواتر خۆمان کۆکردەوە و بەڕێکەوتین بۆ پارێزگاری ناحیەکە لە ڕێگادا لە نێوان کوڵەجۆ و قەرەبڵاخ  تیرۆرستان لە پشتی ئێمەوە بۆسەیەکیان دانابو، لە ڕێگاکەدا بۆمبێکی چێندراویان دانابو تەقیەوە به مەفرەزەکانی ئێمەدا دوای تەقینەوەکە سەیارەکە وەرگەڕا دوای وەرگەڕانی سەیارەکە بۆسەیەکی دیکەیان دانابو، بەقەناس تەقەیانکرد لە هێزەکانمان لەئەنجامدا دو کارمەندی ئاسایش شەهیدبون"
 
ئەو كارمەندەی ئاسایشی كوڵەجۆ وتیشی"دوا بەدوای ئەوە ڕائید سمکۆ سەیارەکەی کوژاندەوە و بەپێ بەڕێکەوت بۆ بەهاناوەچونی کارمەندەکانی دیکەی ئاسایش بەهەمان شێوەی ئەو دو کارمەندە بەقەناس تەقەیان لە ڕائید سمکۆ کرد لەئەنجامدا ڕائید سمکۆ لەگەڵ کارمەندێکی خۆی لەگەڵیدا بو برینداربو"

باسی لەوەشكرد، شەڕو ڕوبەڕوبونەوەکان تا درەنگانێکی شەو بەردەوامی هەبو، بەڵام توانیمان لەناوچەکە ڕاویان بنێین و خەڵکی ناوچەکە بپارێزین، ئێمە بەردەوامین لە پارێزگاری خەڵکی ناوچەکە وە مردن ساردمان ناکاتەوە، ڕائید سمکۆ ئەگەر چی خۆی ڕۆشت، بەڵام چەندین شێرە کوڕی پەروەردە کردوە کە بەردەوامبن لە پارێزگاریکردنی خاکی کوردستان.

ئەوەشی ڕونکردەوە،"ڕائید سمکۆ  لەماوەی ئەم یازدە ساڵەدا دو سێ جاری دیکە برینداربوە لە کاتی هێرشەکانی داعش بۆ سەر ناوچەکە، هەمیشە دەیوت ئێمە لەمردن ناترسین بەردەوامدەبین"

عەلی ڕەحمان، ئامۆزای شەهید سمکۆ، بەخەندان- ی ڕاگەیاند،" سمکۆ لەتەمەنی منداڵیەوە لەپێش ئەنفال لەشاخ بوە دوا بەدوای ئەوە لەکاتی شاڵاوی ئەنفالدا نۆ کەس بەس لەماڵی خۆی ئەنفال کراوە وەک دایک و باوکی و لەگەڵ خۆشکەکانی تەنها یەک برای ماوە بەناوی سیروان کە ئێستا پیشمەرگەیە، لە ساڵی 1993 لەشەڕی ئیسلامیەکاندا سمکۆ بەسەختی برینداربو، یەک ساڵ لەنەخۆشخانەدا بو قاچێکی هەموی برین بو، دوای ئەوە یازدە ساڵە سمکۆ لەنێو ئاگردا بەرگری لە خاکی کوردستان دەكات"

ئاماژەی بەوەشکرد،"رائد سمكۆ یازدە ساڵ بەڕێوبەری ئاسایشی کوڵەجۆ بوە دو جار برینداربوە جارێک هەمو دائیرەکەیان تەقاندەوە، چەندین جار لەلایەن داعشەوە هەڕەشەی لێکراوە، خۆمان وەک بنەماڵەکەی چەندین جار داوامان کردوە لەوێ نەمێنیت، بەڵام بەقسەی نەکردین و دەیوت کوڵەجۆ چۆڵ ناکەم بۆ ناحەزان"

ئامۆزاکەی ڕائید سمکۆ ئەوەشی وت،" سمکۆ شەوی وا هەبوە سێ جار لەکەلارەوە بۆ کوڵەجۆ ڕۆشتوە کاتێک زانیویەتی کە شتێک لە ئارادا هەیە، میوانی نێو ماڵ و منداڵی خۆی بوە شەوێک بە ئیسراحەت لەنێو ماڵی خۆیدا نەبوە"

لە هێرشەکەی ئەم شەوی تیرۆستانی داعش بۆ سەر ناحیەی کوڵەجۆی سەر بەقەزای کفری 12 کەس بونە قوربانی سێ کارمەندی هێزەکانی ئاسایش شەهید بون، نو کەسی دیکەش برینداربون لەنێو ئەم بریندارانەدا چوار ئەندامی خێزانێیک هەیە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP