دو بەرپرسی دیکەی حکومەتی عێراق دەستیان لەکارکێشایەوە

- 11/30/2019 1:49:00 PM 34193 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- 

کەمێک بەرلە ئێستا عادل عەبدولمەهدی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندی لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی بەرپرسی نوسینگەی سەرۆک وەزیران و ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیران دەربڕی.

 نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکردوە، لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا عادل عەبدولمەهدی رەزامەندی لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی ئەبو جیهاد هاشمی بەرپرسی نوسینگەی سەرۆک وەزیران و حەمید غەزی ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیران دەربڕیوە.

هاوکات لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، نامەی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەشی پەرلەمان دەکات، داواشی لە وەزیرەکان کرد تا پێکهێنانی کابینەیەکی نوێ لە کارەکانیان بەردەوام بن.

ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی عێراق لەمڕۆوە تەنها کاری رۆژانە بەڕێدەکات بەگوێرەی دەستوری عێراق، داواشی لە وەزیرەکان کردوە تا پێکهێنانی کابینەیەکی نوێ لە کارەکانیان بەردەوام بن.

29ی تشرینی دوەم مەرجەعیەتی شیعەکانی عێراق لە وتارێکدا داوای رێوشوێنی نوێی بۆ وەڵامدانەوەی خۆپیشاندەران کرد و لە وەڵامیشدا عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق پاشنیوەڕۆی هەمان رۆژ لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "لە وەڵامی داواكارییەكەی ئەمڕۆی مەجەعیەتی باڵای شیعەكانی عێراقدا، نیازی هەیە بە نوسراوێكی فەرمی دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە پێگەكەی رادەستی پەرلەمانی وڵات بكات".

هەروەها کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماری سێ رۆژی رابردوی خۆپیشاندانەکانی عێراق رایگەیاندو دەڵێت، لە زیقار 25 کەس کوژراون و 250 کەس برینداربون، لە نەجەف چوار کەس کوژراون و 354 خۆپیشاندەر برینداربون و 50 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان برینداربون.

باسی لەوەشکردوە، لە بەغدا دو کەس کوژراون، 67 خۆپیشاندەر و 25 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان برینداربون، لە پارێزگای موسەننا 308 خۆپیشاندەر و ئەندامی هێزە ئەمنییەکان برینداربون.
 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP