"ئەوە كوڕەكەمە، مەهدی"
كۆمێنتی باوكێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان ناخی عێراقییەكان دەهەژێنێت

- 11/29/2019 12:38:00 PM 144788 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بڵاوكردنەوەی وێنەی خۆپیشاندەرێكی كوژراو لە یەكیك لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و كۆمێنتێك لەسەر ئەو پۆستە، دەنگۆیەكی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، ئەوەش بوە هۆی هەژاندنی ناخی زۆرێك لە هاوڵاتیانی عێراق.

پاش پێكدادانەكانی خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكانی هەریەك لە پارێزگاكانی نەجەف و زیقار و كوژرانی دەیان خۆپیشاندەر لەو دو پارێزگایە، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك وێنەی خۆپیشاندەرێكی گەنج بە كوژراوی بڵاوكرایەوە و داواكرا شوناسی ئاشكرابكرێت.

لەسەر پۆستەكەی فەیسبوك نوسراوە "براكان تكایە كێ ئەم گەنجە دەناسێت؟، لە گیرفانەكانیدا هیچ پێناس و ناسنامە یاخود مۆبایلێك نیە، لای پردی شۆڕشی بیستەم-لە نەجەف شەهیدبوە". 

پاش تێپەڕبونی ماوەیەكی زۆر كەم بەسە بڵاوكردنەوەی وێنەكەدا، یەكێك لە كۆمێنتەكان بە دێڕێكی كورت بوە جێگەی سەرنجی بینەرانی بڵاوكراوەكە، كە نوسرابو "ئەوە كوڕەكەمە، مەهدی"، پاشان كاردانەوەیەكی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و ئێستاش ئەو روداوە بوەتە تراژیدیای عیراق و باسی راگەیاندنەكانی جیهان.


دوێنێ پێنجشەممە لە هەریەك لە پارێزگاكانی نەجەف وزیقار سەرلەنوێ دۆخ بەرەو نائارامییەكی تەواو رۆشت، لە ئەنجامی بەكارهێنانی گوللـە و گازی فرمێسكڕێژ لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە، 50 كەس كوژران و زیاتر لە 400 كەسی دیكەش بریندارن.  

لە عێراق، خۆپیشاندانەكان لە بەردەوامی و فراوانبونیدایە، تەواوی ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارو پەیتا پەیتا داواكارییەكانیان بۆ گۆڕینی حكومەت و نەهێشتنی گەندەڵی زیاتردەكەن، سبەی شەممە خۆپیشاندانەكان دو مانگ تێدەپەڕێنێت و پێدەخاتە مانگی سێهەمەوە.

ئەو روداوە لە وڵاتانی عەرەبی یەكەمینجار نییە روبدات، لە خۆپیشاندانەكانی بەهاری عەرەبیشدا لە وڵاتی میسڕ، بە هەمانشێوە و ئەمجارە كوڕێك لە رێگەی بڵاوكراوەیەكی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكەوە هەواڵی كوژرانی باوكی پێگەیشت.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP