هەژماری فەیسبوك، ئینستاگرام و مێسنجەری زۆرینەی بەكارهێنەرانیان لەكاركەوت

- 11/28/2019 8:45:00 PM 3499 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لە هەرسێ تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك و ئینستاگرام و مێسنجەر، كێشە دروستبوە و كێشەكەش زۆرینەی ناوچەكانی سەرتاسەری جیهانی گرتوەتەوە.

لە سەرتاسەری جیهان سكاڵاكانیان گەیاندوەتە لایەنە پەیوەندیدارەكان

هەرسێ تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، ئینستاگرام و مێسنجەر كە لە لایەن مارك زوكەربێرگ، دامەزرێنەر-ی كۆمپانیای فەیسبوك-ەوە بەڕێوەدەبرێن، لە كاتژمێر پێنج-ی ئێوارەی ئەمڕۆوە كێشەیان تێكەوتوە و بەكارهێنەرانی هەرسێ تۆڕە كۆمەڵایەتیەكە لە سەرتاسەری جیهان سكاڵاكانیان گەیاندوەتە لایەنە پەیوەندیدارەكان.

بە گوێرەی پێگەی داون-دیتێكتەر، كە چاودێرە بەسەر لەكاركەوتنی پێگە و تۆڕە ئەلیكترۆنیەكان، لە زۆرینەی ناوچەكانی سەرتاسەری جیهان بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانی فەیسبوك، ئینستاگرام و مێسنجەر، ناوبەناو سكاڵاكانیان سەبارەت بە كێشەكانی ئەو تۆڕانە گەیاندوە، لەكاتێكدا كێشەكانیان جیاوازە.

هەندێك لە بەكارهێنەران بە تەواوەتی ناتوانن بچنە ناو هەژمارەكانیان و بەكاریبهێنن

ئاماژە بەوەشكراوە، هەندێك لە بەكارهێنەران لە ناردن و ئەپڵۆدكردنی وێنە و ڤیدیۆ-دا كێشەیان هەیە و توانای بەكارهێنانی ئەو خزمەتگوزارییەیان نەماوە، هەندێكی دیكەش لە بەكارهێنەران بە تەواوەتی ناتوانن بچنە ناو هەژمارەكانیان و بەكاریبهێنن.

هاوكات پێگە جیهانییەكان دەڵێن "بەهۆی ئەوەی دروستبونی كێشەكە لە یەك كاتدا نیە و ناوبەناو لە هەژماری هەندێك بەكارهێنەر دەگرێتەوە و لە تەواوی ناوچەكانیش كاریگەری هەیە، پێدەچێت پەیوەندی بە چاكسازی و گۆڕانكارییەكانی كۆمپانیاكەوە نەبێت و هۆكارێكی دیكەی لەپشتەوەبێت.

ئەوەش لەكاتێكدایە، بەكارهێنەرانی تۆڕی كۆمەڵایەتی وەتسئاپ، كە لە لایەن هەمان كۆمپانیاوە سەرپەرشتی دەكرێت هیچ سكاڵایەكیان تۆمارنەكردوە و بەو پێیە تۆڕەكە پێچەوانەی سێ تۆڕە كۆمەڵایەتیەكەی دیكە هیچ كێشەیەكی تێدا نیە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP