چیرۆکی خاوەنی "سندوقە رەشەکە" کە لە ئیستەنبوڵ کوژرا چی بو

- 11/28/2019 11:00:00 AM 26144 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
 
پۆلیسی تورکیا لە چەند رۆژی رابردودا رایگەیاند، مەسعود مەولەوی چالاکوانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە گەڕەکی شیشلی لە ئیستەنبوڵ بە 11 گوللـە کوژراوە.
 
پێشوتر مەولەوی تەمەن 32 ساڵ لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان خۆی وەکو "زانا و داهێنەر" ناساند، کە هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لە ئەمریکا و یەکێکە لە "زانا گەورەکانی بواری زیرەکی دەستکر" و پێشوتر هاوکاری دەسەڵاتی تورکیا کردوە لە دروستکردنی فڕۆکەی بێ فڕۆکەواندا.
 
كێ کوشتی؟
 
دوای ئەوەی حکومەتی ئێران بەهۆی خۆپیشاندانەکانی چەند رۆژی رابردو کە بەشێکی شارەکانی ئەو وڵاتەی گرتەوە هێڵەکانی ئینتەرنێتی لە وڵاتدا بڕی، راپۆرتەکان دەڵێن، مەولەوی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان رێگای نیشانی هەوادارەکانی داوە کە چۆن داخستی ئینتەرنێت لە ئێران هەڵوەشێننەوە، هاوکات بە گوێرەی میدیاکانی تورکیا ئەو چالاکوانە چەندین ساڵە لەو وڵاتەدا دەژی و کۆمپانیایەکی لە بواری تەکنیکیدا دامەزراندبو.
پۆلیس ئاسەواری بونی گوللەی لە شوێنی کوژرانی مەولەویدا پشتڕاستکردەوە

 

دوای بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی کوژرانی مەولەوی لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی ئیستانبوڵ، چالاکوانان و ئۆپۆزسیۆنی ئێران دەڵێن "مەولەوی لە ناوەراستی ئیستانبوڵ لەلایەن هێزیکی هەواڵگری ئێرانەوە کوژراوە".

پۆلیسی تورکیاش ئاسەواری بونی گوللەی لە شوێنی کوژرانی ناوبراودا پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، "گومان دەکرێت لایەنی بیانی کارەکەی کردبێت".
 
هاوکات لە ڤیدیۆی کوشتنی مەولەویدا کە میدیای تورکیا بڵاویکردوەتەوە، ئەو کەسانەی تەقە دەکەن کڵاوێکی رەشیان لەسەرە و لە کاتی تەقەکردن لە قوربانییەکە بە جۆرێکە دەموچاویان دەرناکەوێت.
 
"سندقی رەش"
 
مەسعود مەولەوی سەرپەرشتی ئەکاونتێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام دەکرد بەناوی "سندقی رەش"، لەو پەڕەیەدا زانیاری لەسەر سەرکردەکانی ئێران لەوانەش حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران بڵاودەکردەوە، بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت لەو کاتەی رۆژی 14ی ئەم مانگە ناوبراو کوژراوە، پەڕە "سندقی رەش" هیچ زانیارییەکی بڵاونەکردوەتەوە.

چاوەڕوانی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی پۆلیسی تورکیا دەکەین

 

سەبارەت بە کوژراونی ئەو چالاکوانە ئێرانیەش، عەباس موسەوی، وتەبێژی وەزارەتی درەوەی ئێران رایگەیاند، ئەوان چاوەڕوانی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی پۆلیسی تورکیا دەکەن و ئەو ناتوانێت لەوبارەیەوە هیچ قسەیەک بکات.
 
"پەیوەندییەکانی لە ئاستێکی باڵادابون"
 
مەلەوی باس لەوەدەکات ئەو چەند ساڵێک لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران کاری کردوە و دواتر جیابوەتەوە، هەروەها وێنەی کۆبونەوەکانیشی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی پێشوی ئەو وڵاتەی بڵاکردوەتەوە، لەوانەش ئەحمەدی نەژاد، هاشمی رەفسنجانی و محەمەد خاتەمی.
 
پێشوتریش ئاژانسی هەواڵی مهری ئێرانی چاوپێکەوتنی لەگەڵ مەسعود مەولەویدا کردوەو ئەوی وەکو کەسێک ناساندوە کە "هەڵگری چەندین مەدالیا و بڕوانامەی داهێنەرانەیە".
 
مەولەوی سەبارەت بە حەسەن رۆحانی سەرۆکی ئێرانیش وتویەتی، "ئەو گولەیەکە لەناو چینی دەستەبژێری ئێرانیدا".
چەند ساڵێکە گەشتم بۆ تورکیا کردوەو هاوکاری کۆمپانیا سەربازییەکان دەکەم لە دروستکردنی فڕۆکەی بی فڕکەوان 

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، "چەند ساڵێکە گەشتم بۆ تورکیا کردوەو هاوکاری کۆمپانیا سەربازییەکان دەکەم لە دروستکردنی فڕۆکەی بی فڕکەوان و لە جۆری کێشی قورس".
 
سەبارەت بە کوشتنەکەشی چالاکوانان و ئۆپۆزسیۆنی ئێران باس لەوەدەکەن، مەولەوی بەرپرسی یەکەمی پەڕەی "سندقی رەش بوە کە نهێنییەکانی پەیوەیست بە سەرکردەکانی ئێرانی بڵاودەکردەوە.
هەندێک لە چالاکوانە دیارەکانی تۆڕی کۆمەڵاتیش کوژرانی مەولەوی بە خاشقچی دوەم وێنا دەکەن 

 

هەندێک لە چالاکوانە دیارەکانی تۆڕی کۆمەڵاتیش کوژرانی مەولەوی بە "خاشقچی دوەم" وێنا دەکەن و بەراوردی کوژرانی هەردوکیان لە شاری ئیستەنبوڵی پایتەخی ئابوری تورکیا دەکەن.
 
هەندێکیش باس لەوەدەکەن کوژرانی مەولەوی هاوشێوەی کوشتنی سەعید کەریمیان چالاکوانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران و بەڕێوبەری کەناڵی GMە لە ئیستەنبوڵ، کە دو ساڵ لەمەوبەر کوژرا.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP