پۆلیسی دوبەی ئۆتۆمبێلە نوێیەکەی تێسلا دەکرێت

- 11/27/2019 6:47:00 PM 8303 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرەڕای کاردانەوە نەرێنی و چاوەڕننەکراوەکان بۆ ئۆتۆمبێلە کارەبایە نوێیەکەی ئیلەن مەسک، خواستی کڕين لەسەر ئۆتۆمبێلەکە لە زیادبوندایە و پۆلیسی شاری دوبەی بڕیاریداوە لە ساڵی داهاتوەوە ئۆتۆمبێلەکە بۆ کاری ئەمنی بەکاربهێنێت.

ئاشکراکردنی دیزاینی ئۆتۆمبێلە نوێیەکەی تێسلا، لەچەند رۆژی رابردودا دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، لەسەرانسەری جیهانەوە پسۆڕان و هەواداری ئۆتۆمبێلە ناوازەکان راو بۆچونی خۆیان لەسەری خستەڕو.

ئەگەرچی دیزاینە نامۆکەی ئۆتۆمبێلەکەی ئیلۆن مەسک کە ناویناوە سایبەر ترەک، هەوادارنی ئۆتۆمبێلی توشی " عاشقبون لەیەکەم نیگادا" نەکرد، بەتایبەت دوای ئەوەی فرانز ڤۆن هۆلهاوسن، دیزاینەری ئۆتۆمبێلەکە زۆر بە لە خۆڕابینینەوە و بۆ سەلماندنی خۆڕاگری جامی ئۆتۆمبێلەکە و توانای نەشکاویی تۆپێکی ئاسنینی گرتە جامەکانی، بەڵام ئەو هەنگاوەی خۆی و ئیلەن مەسکی توشی شەرمەزاری کرد و شکا.

سەرەڕای هەمو ئەوانەی کە دەکرێت ناویان بنرێت"کەموکوڕی"، سایبەر ترەکەکەی مەسک هەر زو چوە دڵی هەوادارانی ئۆتۆمبێلەوە و لەماوەی  پێنج رۆژدا زیاتر لە 250هەزار دانەی لێ داواکراوە، یەکێک لە لایەنە دیارەکانی کڕیارەکانیش پۆلیسی شاری دوبەیە.

پۆلیسی شاری دوبەی لە پێگەی فەرمی خۆی لە تویتەر بە پۆستکردنی وێنەیەکی سایبەرترەک کە تیایدا بە رەنگێکی پۆلیسی نەخشێنراوە، كرینی ئۆتۆمبێلەکە و بەکارهێنانی لەکارە ئەمنیەکانیدا ئاشکرا کردوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP