عەلی حەمەساڵح لەچاوپێكەوتنێكی تایبەتی خەندان، بەڵگەی نوێ دەخاتەرو و بۆ یەكەمجار چەندین دۆسیە دەوروژێنێت

- 11/25/2019 9:44:00 PM 20264 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- بڕیار جەلال 

لەم چاوپێكەوتنەدا عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، بەڵگەی نوێ دەخاتەرو و بۆ یەكەمجار چەندین دۆسیە دەوروژێنێت، لەسەر موچەی فەرمانبەران و قەرزەكانی وەزارەتی دارایی زانیاری دەخاتەرو، سەبارەت بەم خولەی پەرلەمان دەڵێت لە كۆی 140 پرسیار تەنها وەڵامی 40 پرسیار دراوینەتەوە، سەبارەت بە ئاشتی هەورامی رایدەگەیەنێت پۆستی پێنەدراوەتەوە، داخستنی دۆسیەیەكی گەورەی گەندەڵیش لەدادگای هەولێر لەم رۆژانەی پێشودا ئاشكرا دەكات، لەسەر باج و گومرگ دەڵێت (قاچاخچێتی، مافیایی، چەتەگەری، نەدانی گومرگ) كارەساتێكی گەورەیە. دەربارەی رێكەوتنی پارتی و گۆڕان و ناكۆكیەكانی ناو گۆڕان و پرسی چاكسازی و دۆسیەی نەوت و داهاتتی مانگانەی هەرێم  و چەندین بابەتی دیكە زانیاری و ئاماری ورد دەخاتەرو.

پ: سەبارەت بەم خولەی پەرلەمان راتان چییە؟ چۆن هەڵسەنگاندن بۆ ئەم خولەی پەرلەمان دەكەن؟

عەلی حەمەساڵح:"هەرچەندە درەنگ حکومەت پێکهات و تەنها چوار مانگە، دیارە مامەڵەی پەرلەمان هەم بۆ چاودێریکردن هەم بۆ پرۆژە یاساکان کە پەیوەندیشی بە حکومەتەوە هەیە بەتایبەتی ئەو یاسایەنەی رەهەندی داراییان هەیە من پێموایە تا ئێستا بەپێی خواست و بەرزخوازی(تموحی) ئێمە نییە، جگە لە هەرسێ بوارەکە، ئێمە بوارێکمان هەیە پێی دەوترێت تەشریع، تاکو ئێستا کۆمەلێک یاسا گرنگ بو کە پەیوەستن بە ژیانی گشتی و دۆخەکە تا ئێستا ئەو یاسایانە دەرنەچوە، جا ئەمە هۆکارەکەی هەر شتیک بێت لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە ئاستەنگ هەیە یاخود وەکو پێویست پرۆژەکان نەگەیشتوە ئەمە شتێكی ترە، لە پرسی چاودێری پەرلەمانیشدا وەک پێویست وەلامی پرسیاری پەرلەمانتاران بۆ چاودێریکردن نەدراوەتەوە، بەرپرسانی حکومەتیش تاکو ئێستا ئەوەی کە پێویستە بێنە پەرلەمان نەهاتون، هەروەها خاڵێکی دیکە بریتییە لە دەرچواندنی یاسای بودجە، بەلام تا ئێستا پرۆژە یاسای بودجە رەوانەی پەرلەمان نەکراوە.

پ: زانیاری هەیە تاكو ئێستا وەك پێویست وەڵامی پرسیارەكانتان لە سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە نەدراوەتەوە، تاچەند ئەوە راستە؟

عەلی حەمەساڵح:"تا ئێستا بە تێکڕا 140 پرسیار ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کراوە، بەڵام تەنها وەلامی 40 پرسیار دراوەتەوە و بەشێکی وەلامەکانیش وەک پێویست نییە".

پ: بۆچی وەلامناردێنەوە، سانسۆرتان لەسەرە لەلایەن سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە؟

عەلی حەمەساڵح:"سانسۆرەکە چۆنە، بۆ نمونە لەسەر پێوەری ئاو لەسەر کۆمەڵێک بابەت هەر لە سەرەتاوە پرسیارەکان ئاراستەکراوە، خۆی پەیرەوی ناوخۆ دیاری کردوە کە دەبێت لەماوەی 21 رۆژدا وەڵامی پرسیارەکان بدرێتەوە بەشێکی لەماوەی یاسایی خۆی دواکەوتوە، جا ئەگەر حكومەتیش هۆكارەكە بێت، ئەركی سەرۆكایەتی پەرلەمانە بەفەرمی بە حكومەت بڵێت كە پێویستە لەو كاتەدا بە فەرمی وەڵامی پرسیارەكان بداتەوە.

پ: دەوترێت كەیسی زۆر گەورەو هەستار جوڵێنراون، ئەو كەیسە هەستیارانە چین كە جوڵاندوتانن؟

عەلی حەمەساڵح:"بێگومان كەیسی زۆر گەورەمان جوڵاندوە، لەسەر خاڵە سنورییەكان بەتایبەتی لێكۆڵینەوەیەكی زۆر زۆر وردمان كردوە، ئەوەی لە خاڵە سنوریەكان دەگوزەرێت كارەساتێكی گەورەیە، قاچاخی، مافیایی، چەتەگەری، نەدانی گومرگ، كۆمەڵێك كۆمپانیا بەناوی جیاوازەوە خەریكی وەرگرتنی پارەن، ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ كۆمپانیاكان كراون نایاسایین، بابەتەكە زۆر دورو درێژە، پرۆژەیەكمان بەرونی نوسیوە و داومانەتە لایەنە پەیوەندیدارەكان، من خۆم بەدەستی پرۆژەكەم داوەتە وەزارەتی دارایی، ناردومانە بۆ سەرۆكی حكومەت و پێی گەشتوە، بەرپرسانی وەزارەتی داراییمان بانگكردوە، بەدڵنیاییەوە سێ كەیس لای ئێمە زۆر گرنگە لەم خولەدا كاری لەسەر بكەین، پرۆژە تایبەت بە گومرگ چونكە ئەوەی دەگوزەرێت چەتەگەری و مافیاگەری و ئەو بابەتانەی تێپەڕاندوە، بەو مانایەی تەندروستی خەڵك لە مەترسیدایە، كاڵا دەهێنرێتە ناوەوە، نە گومرگ دەكرێت و نە فەحس دەكرێت و نەپشكنینی بۆ دەكرێت، هەر بارێكی بە 55 وەرەقە بۆ بەرپرسێكی حزبی دەیهێنێتە ناوەوە، چەندین كۆمپانیا هەیە بەناوی جیاوازەوە بەبێ ئەوەی هیچ كارێك بكات مانگانە ملیارەها دینار دەبەن، ئەمە دەبێت رێك بخرێتەوە. خاڵێكی دیكە كە ئێمە كاری جددی لەسەر دەكەین پرسی باجە، بەشێكی زۆری كۆمپانیاكان باجیان نەداوە، لەماوەی رابردودا بەنایاسایی خەڵك هەبوە ملیۆن دۆلار بە نوكە قەڵەمێك لە دانی باج بەخشراوە، لەكاتێكدا باج بە دەستوری عێراقدا هاتوە، باج بەیاسا دەسەنرێت و بە یاسا دەبەخشرێت، ئەمەش نە لەدەسەڵاتی سەرۆكوەزیرانە نە دەسەڵاتی هیچ وەزیرێك"

پ: بۆچی حكومەتی هەرێم بە واژۆیەك پارەیەكی هێندە خەیاڵی لەسەر كەسێك لادەبان لەكاتێكدا خۆی زۆر قەرزداری موچە خۆرانە؟

عەلی حەمەساڵح:"خۆی پرسیارەكەی ئێمەش ئەوەیە، تاكو ئێستا حكومەت 8 موچەی تەواوەتی موچەخۆرانی نەداوە لەگەڵ 33 مانگ پاشەكەوت، ئەمە كێشە گەورەكەیە، دەبێت چاكسازی گەورە لە داهاتەكان بكرێت، چاكسازی لەنەوت و گومرگ و باج، لەتەنیشت ئەمانەدا، چاكسازی لە خەرجی نایاسایی و موچەی نایاسایی و گەندەڵی و بندیوارو پلە باڵاكان و تا دواتر، ئەگەر ئەم هەنگاوانە پێكەوە نەكرێت هەرێمی كوردستان توانای بەردەوامی حوكمڕانی نامێنێت، دڵنیابن توانای نامێنێت"

پ: بۆ چارەسەری ئەو دۆخە چی هەنگاوێكتا ناوە؟

عەلی حەمەساڵح:"من لەگەڵ بەرپرسانی حكومەت قسەم كردوە، فایلەكانیشم ناردوە، كێشەكە ئەوەیە ئەگەر چارەسەری نەكەن، حوكمڕانیەكە تیا دەچێت و توانای بەردەوام بونی نییە، ناعەدالەتی لەم وڵاتەدا گەیشتۆتە ترۆپك، بەملیۆنان دۆلار بەخشینی گومرگی بكرێت و كۆمپانیا هەبێت ملیۆنان دۆلار ببات لە خاڵە سنوریەكانەوە، كۆمەڵێك كۆمپانیای بەناو سكویریتی و خزمەتگوزاری نەوت مانگانە ملیۆنان دۆلار ببنە، لەولاشەوە هیچ بەرچاورۆشنییەك نەبێت كەلەگەڵ عێراق رێكدەكەویت یان نا، ئەمە ئاماژەی بەردەوام بون نین، ئاماژەی بەردەوام بون، چاكسازی لە ناوخۆ و ئەنجامدانی رێكەوتنی سەنگینە لەگەڵ عێراقدا".

پ:لەبارەی ئەوەی دەوترێت وەزیری دارایی زانیارییەكانی لە خەڵك دەشارێتەوە و دەوترێت بزوتنەوەی گۆڕان لەنێوان بەرداشی سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی هەرێمدایە، ئایا ئەوەراست ئەو رایە لەناو گۆڕان دروست بوە؟

عەلی حەمەساڵح:"ئێمە چی زانیارییەك هەیە دەیخەینەرو، نابینە بەردەشی هەمویان، من پێت ئەڵێم مانگانە چەنێك پارە دێتە وەزارەتی دارایی، كاتێك ئەم وەزارەتی داراییەی ئێستا دەستبەكاربوە، حكومەت پێنج موچە قەرزداربوە و سێ موچە دواكەوتوە و 33 مانگ پاشەكەوتی نەداوە، ئێستا هەمو مانگێك موچە دەدرێت، من قسەم لەگەڵ وەزیری دارایی كردوە، پێی وتم كە كاری باشمانكردوە بۆ دابینكردنی موچەی مانگی ئایندە، داهاتەكانیش لەوەزارەتی دارایی لە چەند سەرچاوەیەكەوەیە، داهاتی ناوخۆی لە 200 ملیار دینار نزیك دەبێتەوە، داهاتی نەوت مانگانە 360 تا 375 ملیار دینارە، پارەی بەغداد 452 ملیار دینارە، ئەوەی دیكەشی دەمێنێتەوە نزیكەی 25 ملیار دیناری هاوپەیمانانە"."تەنانەت باوكیشم بزانم لە شوێنێكە كە گەندەڵی یان بەفیڕۆدانی سامانی گشتی تێدایە لێی قبوڵ ناكەم".

سەبارەت بە كێشە ناوخۆییەكانی گۆڕان، ئایا كێشە ناوخۆییەكان ماون یان بە شێوازێك لە شێوازەكان كپ كراون؟ تاچەند هەوڵتانداوە ئەندامە زویربوەكان ئاشتبكەنەوە؟

عەلی حەمەساڵح:"كێشەكان بەبێدەنگی كپ نەكراون، لەناو گۆڕان بەردەوام گفتوگۆی جددی هەیە لەسەر سیاسەتی گۆڕان، شێوازی بەڕێوەبردنی گۆڕان، ئێستا خانەی راپەڕاندن چوار ئەندامیان گۆڕاون، بەجدیەتێك و گوڕوتینێكی زیاتر كاردەكەن، كۆمەڵێك بڕیاردراوە بۆ لێپرسینەوە و لێپێچینەوە. سەبارەت بە ئەندامە زویربوەكانیش خانەی راپەڕاندن سەرقاڵی ئەو بابەتەن"

پ:سەبارەت بە پەشیمانبونەوەی پارتی لە پۆستەكان بەتایبەت لە بریكارو بەڕێوەبەرە گشتیەكان و پێدانی بە بزوتنەوەی گۆڕان وەك هەندێك لەگۆڕانخوازان وادەڵێن راتان چییە؟

عەلی حەمەساڵح:"شتی وا نییە، جۆری بریكارەكان دیاریی كراوە، راوێژكارو بەڕێوەبەرە گشتیەكان، ئێستا گفتوگۆ هەیە لە نێوان گۆڕان و پارتی، دو برادەری گۆڕان لەو گفتوگۆیەدان بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو پرسە، چونكە ئەوە وردەكاری هەیە، كام بەڕێوەبەری گشتی دیاریی دەكەیت و لە كام وەزارەت، رۆژانە خەریكی ئەو گفتوگۆیانەن".

پ: لەسەر پرسی چاكسازی و دۆسیەی نەوت گرنگە خەڵكی كوردستان بزانن كێ بەربەستە لەبەردەم پرسی چاكسازی و نەوت؟

عەلی حەمەساڵح:"من ئێستا دەبمە سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و سامانە سروشتیەكان لە پەرلەمان، ئێمە لەئاستی لیژنەدا بڕیاردەدەین كە كاری گرنگ لەسەر ئەم پرسە بكەین، ئەوەی لە پرسی نەوتدا هەیە هێشتا هەروەكو خۆیەتی، رۆژانە 440 هەزار بەرمیل نەوتمان بەرهەمهێنابێت یان 441 هەزار، نەوت بە 50 دۆلار بوبێت یاخود 65 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك، هەر 360 بۆ 375 ملیار دینار دراوەتە وەزارەتی دارایی، كە ئەمە كێشەیەكی گەورەیە، بەپێی حساباتی ئەمڕۆ دەكاتە 22 دۆلار و 6 سەنت بۆ هەر بەرمیلێك كە دەدرێتە وەزارەتی دارایی بۆ موچە، كە ئەمە تێبینی و رەخنە و گلەیی ئێمەیە لەسەر ئەم پرسە، بۆیە دەتوانم بڵێم ئەوەی لەسەر پرسی نەوت لەكابینەی پێشو هەبوە، ئێستاش وەك خۆی بەردەوامە، گریمان بە 5 دۆلار كەمتر لە نەوتی برێنت دەفرۆشرێت، پاشان ئیستحقاقی كۆمپانیاكانی لێدەردەكەین لەگەڵ هی بۆری نەوت، من پێموایە 22 دۆلار زۆر زۆر كەمە".

پ: كێ بەرپرس و بەربەستی چاكسازییە لە پرسی نەوت؟

عەلی حەمەساڵح:"بەرپرسی یەكەم لە دۆسیەی نەوت سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەیەتی، دوای ئەوانیش وەزیری سامانە سروشتیەكان و پاشان وەزیرەكانی دارایی و پلاندانان، كە كۆی گشتی پێی دەوترێت ئەنجومەنی باڵای هەرێمی نەوت و غاز". 

پ:ئێوە رەخنەی زۆرتان لەسەر ئاشتی هەورامی هەبو، چۆن رازی بون لەم كابینەیە پۆستی پێبدرێتەوە؟

عەلی حەمەساڵح:"پۆستی پێنەدراوەتەوە، ئاشتی هەورامی یاریدەدەرە، یاریدەدەر وەزیر نییە، ئاشتی هەورامی ئەندامی ئەنجومەنی هەرێمی نەوت و غاز نییە، سەرۆكی حكومەت چۆن وەزیرێكی داناوە، دەتوانێت یاریدەدەریش بۆ خۆی دابنێت، ئەوانیش دەڵێن بۆ هەندێك بابەتی هونەری وەكو یاریدەدەرێك دایانناوە، ئێستا بەنوسراوێكی رەسمی سەرۆكی حكومەت خۆی وەزیری سامانە سروشتیەكانە، بەڵام من پێتدەڵێم ئێمە رەخنەمان لە ئاشتی هەورامی هەبوە، ئێستاش هەمانە، بەڵام خەلەلەكە سیستمەكەیە، ئێستاش وەك جارانە".

پ: بەرنامەتان هەیە لەداهاتو لە دادگا دۆسیە لە دژی ئاشتی هەورامی بجوڵێنن؟

عەلی حەمەساڵح:"من دو سێ دۆسیەم لەسەریەتی لە دادگا، هیوادارین دۆخی سیاسی عێراق كاریگەری لەسەر هەرێمی كوردستانیش هەبێت، من داوایەكم لەسەر ئاشتی هەورامی تۆماركرد لەسەر بابەتی كۆمپانیای زیپۆ كە بەپێی هەمو بەڵگەنامەكان بەشێكی هی ژنەكەی بو بەشێكی هی خۆی بو، ئەم شەریكەیە هەمو مانگێك رێژەیەكی زۆر نەوتی رەشیان وەردەگرت، گوایە كارگەی قیریان هەیە و قیر بەرهەمدەهێنن، هەرچی نوسراو و بەدواداچون و بەڵگەیە هێنامان، شتێك نییە ناوی كارگەی قیری زیپۆ بێت، مانگی وایە بەبەهای 28 هەزارتەن، مانگی واهەبو بەبەهای 38 هەزار تەن، هەمو مانگێك ئەمە وەرەقەیەك بو دەفرۆشرا بە شەش بۆ حەوت ملیۆن دۆلار، دوساڵ من ئەم دۆسیەم بردە دادگا، چەند جارێك لەبەردەم حاكم شایەتیم دا، بەڵگەنامەكان وەك رۆژی روناك دیارن چی فەسادێكە، وەڵا لەم رۆژانەی پێشوتردا لە دادگای هەولێر دۆسیەكەیان داخست".

پ:سەبارەت بەو قسەیەی لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی دەڵێیت ئەگەر لەماوەی دو مانگدا پرۆژە چاكسازی تێنەپەڕێندرا، ئەوا رێكەوتنی گۆڕان و پارتی درۆیەكی شاخدارە، ئایا لەسەر هەمان رات ماویت لەكاتێكدا رێكەوتنەكە چوار مانگی تێپەڕاندوە و هێشتا پرۆژەكە نەچوەتە پەرلەمان؟

 عەلی حەمەساڵح:"من دوای ئەو قسەیە دو حاڵەتم لەبەردەمدا بوە، یان بێم قسەی توند بكەم و پرۆسەكە بەتەواوی تێكبدەم، كە ئەمە زۆر ئاسانە و هیچ ئەنجامێكی نییە، ئێستا دەتوانم بچنە سەر تەلەفزیۆن و سەدان قسە بكەم، یان دەستبكەم بە لۆبی كردن و قەناعەت پێكردن بۆ تێپەڕاندنی یاسای چاكسازی و دەوڵەمەندكردنی، دو مانگە بەبەردەوامی هەمو هەفتەیەك، جاری وا هەیە رۆژانە، من سەرقاڵی ئەم كارەم، تاوەكو ئێستا كە یاساكە خەریكە تەواودەبێـت، با من دومانگ دواكەوتبم، یان قسەكەی من دومانگ نادروست دەرچوبێت، تەمەنا دەكەم یاساكە دەربچێت، من لەنێوان ئەم دو ڕێگەیە، رێگەی دوەمم هەڵبژارد، ئەگەر بزانین ئەو گەندەڵیەی لەرابردو هەبوە بەردەوام دەبێت، هیچ مەجبور نیم، نە ببمە پاسەوانی دز، نە حەزم لە پارەی دزی و حەرامە نە بەرگریشی لێ دەكەم، با ئەم دەرفەتەش بدەین، لەوانەیە لەم ماوەیەدا یەك ملیۆن تەشهیرم پێ كرابێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە چاكسازییەكە بكرێت، من بەدوای ئەنجامدا وێڵم، بەدوای ئەوەدا وێڵ نیم بێمە سەر شاشە دنیایەك قسە بكەم و خەڵك بڵێن بەخوا بەغیرەتە، ئەمە بۆ من زۆر ئاسانە و هەمو كەس ئەتوانێت ئەوە بكات، بەڵام هیوادارم بتوانین هەوڵەكانمان سەربگرێت. یاسای چاكسازی لەئێستادا لە قۆناغی كۆتاییدایە، لەئەنجومەنی وەزیران، بەشێكی باشی كارەكانی رۆشتوە، ئەمە شتێكی گرنگە"



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP