فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران هەرەشەی لەناوبردنی چوار دەوڵەت دەکات

- 11/25/2019 5:02:00 PM 94090 جار خوێندراوەتەوە

خەندان -            
هەرەشەی لەناوبردنی لەهەریەک لەویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و بریتانیا و ئیسرائیل و سعودیە کرد

فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران، هەرەشەی لەناوبردنی لەهەریەک لەویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و بریتانیا و ئیسرائیل و سعودیە کرد، ئەگەر هاتو بیانەوێت هێڵی سور لە مامەڵەکردن لەگەڵ وڵاتەکەیاندا ببەزێنن.

ئەمڕۆ لیوا حسێن سەلامی، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران لەمیانەی وتارێکدا  لەکەناڵی فەرمی حکومەتی ئێران بڵاوکرایەوە، بە ویلایەتە یەکگرتوەکان و بریتانیا و ئیسڕائیل و سعودیەی راگەیاند" ئەگەر ئێران بەرەو مەیدانی جەنگ رابکێشن، ناتوانن بەرگەی وەشاندنی گورزەکانی ئێمە بگرن".
هێڵی سور نەبەزێنن لەمامەڵەکردن لەگەڵ وڵاتەکەماندا، بەپێچەوانەوە لەناوتان دەبەین

وتیشی"پێتان رادەگەیەنین هێڵی سور نەبەزێنن لەمامەڵەکردن لەگەڵ وڵاتەکەماندا، بەپێچەوانەوە لەناوتان دەبەین".

رۆژی 15 ی تشرینی دوەمی ئەمساڵ، بەهۆی بڕیارێكی حکومەتی ئێران بۆ بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین بۆ سێ بەرامبەر (هەزار و 500 تمەن بۆ سێ هەزار و 500 تمەن)، هاوڵاتیانی چەند شارێکی ئەو وڵاتە ناڕەزاییان دەربڕی و لە هەندێك شاریش روبەڕوبونەوە لەگەڵ پۆلسیدا رویدا.

هاوڵاتیانی ئێران دەڵێن، رێژەی گشتی داهاتەكانیان 200 دۆلار تێناپەڕێنێت و ناتوانن ئەو بڕە پارە زیادەیەی بەنزین دابین بكەن "، ئەوەش لەپاڵ بەرزبونەوەی نرخەكانی خۆراك كە لە سەرەتای سەپاندنی سزاكانی ئەمریكا بەسەر وڵاتەكەدا دروستبوە و بەرزبونەوەی نرخەكانیش بەردەوامی هەیە .

دەسەڵاتدارانی ئێران ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و ئیسڕائیل و سعودیە تۆمەتباردەکات بەوەی دەستیان هەبێت لەپشت خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەیانەوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP