ئەمریکا سێ "بژاردەی قورس" لەبارەی سیستمی بەرگری S400 دەخاتە بەردەم تورکیا

- 11/23/2019 2:22:00 PM 45721 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-             

بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختدەکاتەوە، تورکیا پێویستی بە رزگاربونە لە سیستمی بەرگری S400 کە لە روسیای کڕیوە، کە دەیەوێت قەیرانەکانی لەگەڵ واشنتن تێبپەڕێنێت.

بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندوە، "دەرفەتێک هەیە بۆ ئەوەی تورکیا بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ واشنتن، تورکیا دەزانێت بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئامانجە پێویستە یان سیستمی بەرگری S400 تێبکشێنێت، یان بیگەڕێنێتەوە بۆ روسیا یان رێگەیەک بدۆزێتەوە بۆ دەربازبون لێی".

ئەو بەرپرسەی گەورەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە بەمەرجی ناونەهێنانی قسەی بۆ رۆژنامەنوسان کردوە و وەڵامی لێدوانەکانی ئەم دواییەی ئەردۆگانی داوەتەوە و دەڵێت، "پێویستە تورکیا سیستمی بەرگری S400 تێبکشێنێت، یان بیگەڕێنێتەوە بۆ روسیا، یان رێگەیەک بدۆزێتەوە بۆ دەربازبون لێی، ئەگەرنا سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر تورکیا بەهۆی کڕینی ئەو سیستمەوە کە تا ئێستاش کاران و بەردەوام دەبن".

ئەو لێدوانەی بەرپرسە ئەمریکییەکە لەکاتێکدایە هەفتەی رابردو خلوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاند، هەڵدەستن بە چالاکردنی سیستمی بەرگری S400 کە لە روسیایان کڕیوە، سەرەڕای ناڕەزاییەکانی ئەمریکا لەوبارەیەوە.

ئاکار لە وتەیەکدا لە پەرلەمانی تورکیا لەمیانی گفتوگۆکان لەبارەی بودجەی وڵاتەکەیەوە وتی، "تورکیا هەڵدەستێت بە چالاککردنی سیستمی بەرگری S400 دوای تەوابونی راهێنانەکان لەبارەی سیستمەکەوە".

وەزیری بەرگری تورکیا ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئێمە تاوتوێی ئەوەی دەکەین کە چۆن سیستمی بەرگری S400 و فڕۆکەی F35 بەکاربهێنین".

پاش شكستهێنانی لەهەوڵەكانی بۆ كڕینی سیستمی بەرگری پاتریۆتی ئەمریكی، لەساڵی 2017 دا حكومەتی توركیا واژۆی كڕینی سیستیمی بەرگری موشەكی S-400 كرد، مانگی تەموزی ئەمساڵیش بە چەند قۆناغێک دەستیکرد بە گواستنەوەی سیستمەکە بۆ خاکی تورکیا.

لەماوەی رابردوشدا، بەرپرسانی ئەمریكا جەختیان لەسەر ئەوە كردوەتەوە، حكومەتی توركیا لەپرۆگرامی فڕۆكەی جەنگی F-35 دەردەكەن وەك هەنگاوێكی سەرەتایی بۆ سزادانی ئەو وڵاتە لەبەرامبەر كڕینی سیستمی بەرگری موشەكی روسی.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP