وەزارەتی کارەبا رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

- 11/23/2019 12:26:00 PM 91514 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەڕێوەبەرایەتی كۆنترۆڵی كارەبای هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ گرفتێكی تەكنیكی لەناكاو لە بۆری غازی كۆرمۆردا دروستبوە و ناردنی غازی سروشتی بۆ تەواویی وێستگە غازییەكانی هەولێر و سلێمانی و بازیان وەستاوە، دەشڵێت، هەوڵ دەدەن لە زوتریندا کاتدا چارەسەری گرفتەکە بکەن.
بەهۆی گرفتێكی تەكنیكی لەناكاو لەبۆری غازی كۆرمۆر، ناردنی غازی سروشتی بۆ تەواویی وێستگە غازییەكانی هەولێر و سلێمانی و بازیان راوەستاوە

 

بەڕێوەبەرایەتی كۆنترۆڵ لە وەزارەتی كارەبای هەرێم لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، "ئاگاداری هاونیشتمانیان دەكەینەوە كە كاتژمێر 7:54 دەقیقەی ئەم بەیانییە رێكەوتی 23ی تشرینی دوەم بەهۆی گرفتێكی تەكنیكی لەناكاو لەبۆری غازی كۆرمۆر، ناردنی غازی سروشتی بۆ تەواویی وێستگە غازییەكانی هەولێر و سلێمانی و بازیان راوەستا، بەمەش تەواوی یەكەكانی وێستگەكان راوەستان كاریگەریی توندی كردە سەر تۆڕی كارەبای نیشتمانی".
لە ئێستادا هەردو وەزارەتی كارەبا و سامانە سروشتیەكان لەگەڵ كۆمپانیای دانا غاز سەرقاڵی چارەسەركردنی گرفتەكەن، تا كوژانەوەی گشتی رونەدات و چارەسەری گرفتەكە بكرێت

 

ئاماژە بەوەشکراوە، "لە ئێستادا هەردو وەزارەتی كارەبا و سامانە سروشتیەكان لەگەڵ كۆمپانیای دانا غاز سەرقاڵی چارەسەركردنی گرفتەكەن، تا كوژانەوەی گشتی رونەدات و چارەسەری گرفتەكە بكرێت، تیمەكانی كۆنتڕۆڵی كارەباش سەرقاڵی كۆنتڕۆڵكردنی بارودۆخەكەن بۆ ئەوەی كارەبا بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەكان بەردەوام بێت، وا چاوەڕوان دەكرێت لەماوەی 6 كاتژمێری داهاتودا دۆخەكە ئاسایی بكرێتەوە".
 هۆکاری کەمبونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتیمانی دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبونەوەیەکی زۆری خواستی هاوڵاتیان لەسەر کارەبای نشتیمانی

 

21ی ئەم مانگەش حوسین حەمەد قادر، بەڕێوەبەری گشتی كارەبای هەولێر بە خەندان-ی راگەیاند، هۆکاری کەمبونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتیمانی دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبونەوەیەکی زۆری خواستی هاوڵاتیان لەسەر کارەبای نشتیمانی و دورستبونی گرفتی تەکنیکی لە چەند وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبادا.
لە ئێستادا وەزارەت خەریکی چارەسەرکردنی گرفتی تەکنیکی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبایە

 

سەبارەت بە بەرنامەی حکومەت بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کارەبا کە ساڵانە و لە وەزری سەرمادا دوبارە دەبێتەوە، بەڕێوەبەری گشتی كارەبای هەولێر رونیکردەوە، "لە ئێستادا وەزارەت خەریکی چارەسەرکردنی گرفتی تەکنیکی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبایە، بە تایبەت ئەوانەی بە غاز کار دەکەن، هەروەها هەوڵ دەدەرێت گرفتی تۆڕەکانی دابەشکردنی کارەبادا بە گوێرەی توانا چاکسازییان تێدا بکرێت".

ئەوە لە کاتێکدایە ساڵانە لەگەڵ سەرەتای وەرزی سەرمادا کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمدەبنەوە، حکومەتیش داوا لە هاوڵاتیان دەکات دەستبەکارەبای نیشتیمانییەوە بگرن و بەکارهێنانی هۆکارەکانی گەرمکردنەوە بە کارەبا کەمتر بکەنەوە.
لە لایەکی تریشەوە حکومەتی هەرێم لە ماوەی سێ ساڵی رابردودا تەنها یەک بەرمیل نەوتی بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشکردوە، بەو هۆکارەش خواست لەسەر کارەبا وەکو هۆکاری گەرمکردنەوە زیادیکردوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP