چەمچەماڵ؛ گەنجێک بەچەقۆ كوژرا

- 11/22/2019 11:01:00 PM 7638 جار خوێندراوەتەوە

خەندان - نیگار عومەر 

بەهۆی دروستبونی شەڕ و ناكۆكی لەنێوان دو گەنجدا، ئەمرۆ لە چەمكچەماڵ گەنجێك بە چەقۆ كوژرا.

وتەبێژی پۆلیسی  پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، بەهۆی دروست بونی شەڕ لەنێوان دوگەنج  لەچەمچەماڵ، یەکێک لەگەنجەکان ئەوی دیكە بەرچەقۆ دەدات و بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانلەدەستدەدات".

سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پولیسی سلێمانی  خەندان- ی  ڕاگه‌یاند، "بەهۆی دروستبونی شەڕ  لەنێوان دو گەنج لەچەمچەماڵ گەنجێک بەر چەقۆ دەدرێت و به‌سه‌ختی بریندار دەبێت، دواتر تا گەنجە بریندارەكە گه‌یه‌ندراوەتە نه‌خۆشخانه‌ گیانیله‌ده‌ستدا"

ئاماژەی بەوەشكرد، "دوای ئه‌وه‌ی گه‌نجه‌كه‌ی به‌رچه‌قۆداوه‌، بكوژه‌كه‌  هه‌ڵهاتوه‌ بۆ شوێنێكی نادیار و تا ئێستا ده‌ستگیر نه‌كراوه‌".

لە وتەكانیدا  سەركەوت ئەحمەد وتیشی"پۆلیسی چەمچەماڵ دەستیان به‌گه‌ڕان كردوه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی بكوژه‌كه‌ و هۆکاری شەڕ کردنەکە نازانین، تا بکوژەکە  دەسگیر نەکرێت".

بە گوێرەی چەند سەرچاوەیەكیش، روداوەكە لەناو بازاڕی چەمچەماڵ رویداوە، بەپێی وتەی قایمقامی چەمچەماڵ، دەمەقاڵیی نێوان دو هاوڕێدا بوە و كە ئەوە دوەمین حاڵەتی لەو شێوەیەیە لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا.

سەرچاوەیەک لە چەمچەماڵ بە خەندان-ی راگەیاند، کەمێک پێش ئێستا گەنجێکی تەمەن 19 ساڵ لە چەمچەماڵ بە چەقۆ کوژراوە و ئەوە دوەم حاڵەتە لەم هەفتەیەدا رویداوە، ئاماژەی بەوەشکرد، گه‌نجه‌که‌ ناوی هـه‌ڵوێست عیسامه‌دینە و ته‌رمه‌که‌ی گەیەنراوەتە‌نه‌خۆشخانه‌ی شه‌هید پێشڕه‌.

سەبارەت بە هۆکاری روداوەکەش رەمک رەمەزان، قائیمقامی چەمچەماڵ رایگەیاند، ئەو گەنجە کە هاوڕێی نزیکی یەکتری بون، چەندجارێک دەمەقاڵێ لە نێوانیاندا رویداوە، ئاماژەی بەوەشکرد، بکوژی ئەو گەنجە ناسراوەتەوە و دادوەر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکردوە و لە ئێستادا پۆلیس و ئاسایش هەوڵدەدەن دەستگیری بکەن.
ئەوەشی خستەڕو، پۆلیسی چه‌مچه‌ماڵ په‌ڕاوی لێکۆڵینه‌وه‌ی بۆ روداوه‌که‌ کردوه‌ته‌وه‌و لێکۆڵینه‌وه‌کان ده‌ستپێکردوه.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP