واشنتن گەنجترین وەزیری ئێرانی خستە لیستی سزاکانیەوە

- 11/22/2019 10:19:00 PM 3895 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

گەنجترین وەزیری کابینەکەی رۆحانی كە بە خاوەن پاشخانێکی ئەمنی و هەواڵگریش دادەنرێت، لەلایەن ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریکاوە بە هۆکاری بڕینی ئینتەرنێت لەسەر خەڵکی ئێران خرایە لیستی سزاکانەوە. 

سزاکانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریکا لەسەر ئەو ئامانجەی كاریگەری دەبێت

محەمەد جەواد ئازەری جەهرومی تەمەن 37 ساڵ، وەزیری پەیوەندییەکان و تەکنەلۆژیای ئێرانە کە خۆی خاوەنی پاشخانێکی ئەمنییەو  لە کابینەکەی رۆحانیدا وەک دەرخستنی توانای گەنجان لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا هەڵبژێردراوە، دەخوازێت لە هەڵبژاردنی ئایندەدا خۆی بۆ سەرۆکایەتی کۆماری ئێران هەڵبژێرێت، بەڵام سزاکانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریکا لەسەر ئەو ئامانجەی كاریگەری دەبێت.

ئەو وەزیرەی حکومەتی ئێران کە خۆی نەیاری بلۆکكردن و داخستنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە، لە ئێستادا لە ژێر فشاری پارێزگارەکاندایە (کە زۆرینەی ئەنجومەنی ئێران بۆ ئینتەرنێت پێکدەهێنن) بۆ ئەوەی ئینستاگرام وەک دوایین تۆڕی کۆمەڵایەتی ئازاد لەو وڵاتەدا دابخرێت، دوای ئەوەی مانگی رابردوش تێلێگرام لەو وڵاتەدا داخرا.

بەشێک لە رێکخراوەکان ئازەری بە پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ و ئەشکەنجەدانی زیندانییەکان بە مەبەستی دانپێدانانی تۆمەتەكاندا دەکەن، بە تایبەت لە کاتی سەرکوتکردنی ناڕەزاییەکانی گروپی سەوز لە ساڵی 2009دا، جەواد ئازەری باسی لەوەکردوە، ئەو شانازی بە رابرودی خۆی لە ناو دەزگای هەواڵگریدا دەکات و تۆمەتەکانیش لەو بارەیەوە رەتدەکاتەوە.

بەرپرسیاریەتی ئەمنی

دوای ئەوەی حەسەن رۆحانی کەسێکی خاوەن پاشخانی ئەمنی کردە وەزیری پەیوەندییەکان روبەری رەخنەی بوەوە، بەتایبەت کە جەواد ئازەری لەو کاتەدا  تەمەنی 21 ساڵ بو پرۆسەی لێپرسینەوە و ئەشکەنجەدانی بەرامبەر زیندانیانی سیاسی بەڕێوەبردوە، دوای خۆپیشاندانەکانی گروپی سەوزیش لە ساڵی 2009دا وەکو یاریدەدەری وەزیری هەواڵگری بۆ کاروباری تەکنیکی دەستبەکاربوە، لەبەر ئەوە کۆنتڕۆڵی هەمو پەیوەندییەکانی خۆپیشاندەرانی ئەو کاتەی کردوە، ئەوەش بە گوێرەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران.

بە گوێرەی راپۆرتەکانی ئەو رێکخراوانە جەواد ئازەری لە ئێستادا چاودێری پەیوەندی و چالاکییەکانی هەمو چالاکانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و خۆپیشاندەران دەکات و لیستی ناوەکانیان بۆ وەزارەتی هەواڵگری دەنێرێت.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP