وتەبێژی فەرماندەی هێزە چەكدارەكان کوژرانی خۆپیشاندەرانی بەغدا رەتدەكاتەوە

- 11/22/2019 9:29:00 PM 1644 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وتەبێژی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز و ئاژانسە هەواڵیەكانی دیكەی سەبارەت بە کوژرانی سێ کەس لە خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی بەغدا رەتکردەوە.

وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاماری هیچ کوژراوێکی لە خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی بەغدا بڵاونەکردوەتەوە

 

عەبدولکەریم خەلەف، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزەکانی چەکدارەکانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاماری هیچ کوژراوێکی لە خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی بەغدا بڵاونەکردوەتەوە و هیچ کەسێک نە کوژراوە.

خەلەف هەواڵی هەندێك ئاژانسی هەواڵی جیهانی هاوشێوەی رۆیتەرز و ژمارەیەك ئاژانسی دیكە لە بارەی بونی کوژراو لە ریزی خۆپیشاندەرانی بەغدا رەتكردەوە.

وتەكانی خەلەف لە کاتێکدایە ژمارەیەک میدیای نێودەوڵەتی و هەرێمی رایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی بەهۆی بەکارهێنانی گازی فڕمێسک رێژ و گوللـەی پلاستیکی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، سێ خۆپیشاندەر لە بەغدا-ی پایتەخت کوژراون.

ئاماژە بەوەشکرابو، بەهۆی گرژییەکانەوە لە ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممەوە 10 خۆپیشاندەر کوژراون و زیاتر لە 100 کەسی دیكەش برینداربون.

هەر ئەمڕۆ هەینی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق رایگەیاند، داوا لە خۆپیشاندەران دەکەن پارێزگاری لە بە ئاشتی هێشتنەوەی ناڕەزاییەکانیان بکەن و خۆیان لە توندوتیژی و کاری تێکدەرانە بەدوربگرن، داواشی لە پەرلەمان کرد بە خێرایی یاسای هەڵبژاردنەکان پەسەند بکات.

خۆپیشاندانەکانی عێراق کە ماوەی شەش هەفتەیە بەردەوامە، یەکێک لە داوکارییەکانیان بڕینی موچەی پلەباڵاکانە کە دەرماڵەکانیان لە سەدا 70ی موچە پێکدەهێنێت، داواش دەکەن خزمەتگوزارییە تەندروستی و پەروەردەییەکان و پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوە زیاتر بکرێن، لەگەڵ ئەوەشدا داواکارن دەستەی دەستپاكی لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران بکات.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP