توركیا بەرامبەر ئاشكراكردنی شوێنی محەممەد دەحلان 700 هەزار دۆلار دەبەخشێت

- 11/22/2019 9:21:00 PM 35924 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

حكومەتی توركیا رایگەیاند، بەرامبەر هەر زانیارییەك بیانگەیەنێتە شوێنی مانەوەی بەرپرسێكی پێشوی فەلەستین، بڕی 700 هەزار دۆلار خەڵات دەبەخشێت.

لە راگەیەندراوێكدا ئەمڕۆ هەینی حكومەتی توركیا رایگەیاند، "بڕی 700 هەزار دۆلار خەڵاتی بۆ هەركەسێك ئامادەكردوە، كە زانیارییان لەبارەی محەممەد دەحلان، بەرپرسێكی پێشوی فەلەستین پێبدات كە لە ئێستادا لە ئیمارات نیشتەجێیە".

حكومەتی ئەنقەرە دەحلان بەوە تۆمەتباردەكات كە كار بۆ وڵاتی ئیمارات دەكات و "دەستی هەبوە لە هەوڵی كودەتا سەربازییەكەی ساڵی 2016 لە توركیا كە دژ بە رەجەب تەییب ئەردۆگان ئەنجامدرا" بەڵام ئەنجامەكەی شكستی هێنا.

سولەیمان سۆیڵو، وەزیری ناوخۆی توركیا لەوبارەیەوە  بە رۆژنامەی حوڕییەتی توركیی راگەیاند "دەحلان دەخرێتە لیستی ناوی ئەو تێرۆریستانەی كە داواكراون".

لە ئێستادا راگەیەنداروەكانی توركیا سەر بە دەسەڵات دەحلان بەوە تۆمەتباردەكەن لە كودەتاكەی ساڵی 2016دا بەشداربوە و لە كوشتنی جەمال خاشقچی رۆژنامەنوسی سعودیشدا رۆڵی هەبوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP