ئەمیری قەتەر و سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا

- 11/22/2019 9:06:00 PM 1583 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆك وەزیرانی عێراق لە لایەن ئەمیری قەتەرەوە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی پێگەیشت و تێیدا قەتەر پشتیوانی خۆی بۆ گەل و حكومەتی عێراق دوپاتكردەوە.

ئەمیری قەتەر پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ گەل و حکومەتی عێراق بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و کاری هاوبەش دوپاتکردوەتەوە

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق پەیوەندیەكی تەلەفۆنی لەگەڵ تەمیم بن حەمەد-ی ئەمیری قەتەر ئەنجامدا و تێیدا ئەمیری قەتەر پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ گەل و حکومەتی عێراق بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و کاری هاوبەش دوپاتکردوەتەوە.

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکردوە، ئێوارەی ئەمڕۆ تەمیم حەمەد ئال سانی ئەمیری قەتەر و عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەو  پەیوەندییە تەلەفۆنیەدا پەیوەندییەکانی بەغدا و دەوحەیان باس کردوە و ئەمیری قەتەر پشتیوانی خۆی بۆ کاری هاوبەش کە ئامانج لێی بەدیهێنانی خەونی عێڕاقییەکان بێت دەربڕیوە.

ئەوەش هاتوە، سەرۆک وەزیرانی عێراق سوپاسی هەڵوێستی سەرکردایەتی و گەلی قەتەری کردوە لە پشتیوانیکردنی ئاسایش و ئاوەدانکردنەوەی عێرقدا.

پێشتریش هەر ئێوارەی ئەمڕۆ نوسینگەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراقی لە راگەیەنراوێکدا كە وێنەیەكی دەست خەندان كەوتوە رایگەیاند، ئێوار دكتۆر بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق لەگەڵ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، ئەمیری قەتەر پەیوەندییەكی تەلەفۆنیان ئەنجامدا و تێیدا باس لە پەیوەندیە هاوبەشەكانی نێوان هەردو وڵات كراوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوەكە، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا دکتۆر بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق سوپاسی تەمیم بن حەمەد ئال سانی، ئەمیری قەتەری کردوە بەرامبەر پشتیوانییە بەردەوامەکانی بۆ گەل و حکومەتی عێراق.

لە ماوەی دو ساڵی رابردودا پەیوەندییەکانی نێوان قەتەر و عێراق لە زۆربەی بوارەکاندا بەرەوپێشچونی بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەت دوای ئەوەی لە دو سەردانی جیاوازدا بۆ دەوحە، سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی عێراق ژمارەیەک رێککەوتنیان لە بوارەکانی  ئابوری، بازرگانی، وزە، کلتوری و رۆشنبیری و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەسەر ئاستی وەزیرانی پەیوەندیداری هەردولا واژۆکردوە و بوار بۆ وەربەرهێنانی قەتەری لە عێراق کراوەتەوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP