خەندان-
پاش ئەوەی رێكخراوی جیهانی نەتەوە یەكگرتوەكان مۆڵەتی شەش مانگی دا بە بریتانیا، تا دورگەی چاگوس بگەڕێنێتەوە بۆ ماوریشیا، بریتانیا ئەو داواكارییەی رەتكردەوە و مۆڵەتەكەشی بە هەند وەرنەگرت.
ئەمرۆ هەینی، ئەو مۆڵەتە كۆتاییپێهات كە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان دابویانە بریتانیا، تا دورگەی چاگوس بگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتی ماوریشیا، بەڵام بریتانیا سەبارەت بەو مۆڵەت و داواكارییە هیچ هەڵوێست و هەنگاوێكی نەنا.
40 ساڵ لەمەوبەر خۆیان و باوانیان لەو دورگەیە دورخراونەتەوە
پێدەچێت ئەو رەتكردنەوەیەی بریتانیا بۆ گێڕانەوەی دورگەكە و كۆنترۆڵكردنی دەریای هیندە لە لایەن ئەو وڵاتەوە، ببێتە هۆی ئەنجامدانی خۆپیشاندان لەبەردەم ئەنجومەنی باڵای بریتانیا لە پۆرت لێویس-ی پایتەختی ماوریشیا، خۆپیشاندانەكەش لە لایەن ئەو كەسانەوە ئەنجامدەدرێت كە 40 ساڵ لەمەوبەر خۆیان و باوانیان لەو دورگەیە دورخراونەتەوە.
بە بڕی سێ ملیۆن یۆرۆ دورگەی چاگۆس ئارشیپێلاگۆ-ی لە ماوریشیا كڕیوە
لەكاتێكدا هێشتا دورگەكە لە لایەن بریتانیاوە داگیركرابو، بریتانیا ساڵی 1965 بە بڕی سێ ملیۆن یۆرۆ دورگەی چاگۆس ئارشیپێلاگۆ-ی لە ماوریشیا كڕی، بەڵام حكومەت و بەرپرسانی ماوریشیا دەڵێن لەوكاتەدا فشاریان خراوەتەسەر كە بەرامبەر وەرگرتنی سەربەخۆیی دەبێت ئەو دورگەیەیان پێبفرۆشن، كە لە ساڵی 1968دا كۆنترۆڵیانكردەوە.