ئیسپانیا مامێکی بەشار ئەسەد و هەشت ئامۆزا-ی دەداتە دادگا

- 11/22/2019 8:11:00 PM 3486 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بە تۆمەتی سپی كردنەوەی پارە لە ئیسپانیا، مامێكی سەرۆكی ئێستای سوریا دەدرێتە دادگا، بەپێی زانیاریەكانیش ئەو پارەیە لە سوریاوە و بە رێگەی نایاسایی گەیەندراوەتە ئیسپانیا.

لەو رێگەیەوە چەندین پارچە زەویان كڕیوە

دادگای باڵای ئیسپانیا رایگەیاند، بە تۆمەتی سپێکردنەوەی پارە لە وڵاتەکەیدا فەرمانی دادگایکردن بۆ رەفعەت ئەسەد، مامی بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری سوریا دەرچوە، كە ئەو پارەیە لە سوریاوە هێندراوە و لەو رێگەیەوە چەندین پارچە زەویان كڕیوە.

پارەکەیان لە سوریاوە هێناوە بەڕێگەی نایاسایی و بێ ئەوەی باجی بخرێتە سەر

خوسێ دی لاماتا، دادوەری باڵای ئیسپانیا لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوەکردوە، رەفعەت ئەسەد، مامی بەشار ئەسەد و 13 کەسی دیکە بە تۆمەتی سپیکردنەوەی پارە لە وڵاتەکەی و وڵاتانی ئەوروپا دادگایی دەکرێن، کە لە ناویاندا هەشت لە منداڵەکانی هەن و لە ساڵانی هەشتاکاندا هەستاون بە کڕینی چەندین پارچە زەوی لە ئەوروپا و پارەکەشیان لە سوریاوە هێناوە (بەڕێگەی نایاسایی و بەبێ خستنەسەری باج).

نوسینگەی داواکاری گشتی لە ماوەی 10 رۆژدا پێویستە راپۆرتی خۆی لەسەر دۆسیەی رەفعەت ئەسەد ئامادەبکات

هەر لەوبارەیەوە رایگەیاندوە، نوسینگەی داواکاری گشتی لە ماوەی 10 رۆژدا پێویستە راپۆرتی خۆی لەسەر دۆسیەی رەفعەت ئەسەد ئامادەبکات، کە رێکارێکی رۆتینی ئاساییە و دواتر دادگاییکردنەکە بەڕێوەدەچێت.

دو ساڵ لەمەوبەر دادگای باڵای ئیسپانیا نوسراوی 500 پارچە زەوی بڵاوکردەوە کە بەهاکەیان نزیکەی 664 ملیۆن دۆلار بوە، تێیدا گومانی ئەوەیان لێکراوە پەیوەندییان بە رەفعەت ئەسەدەوە هەبێت.

رەفعەت ئەسەد، فەرماندەیەکی سەربازی پێشوی سوریا بو و لە شۆڕشی ساڵی 1982ی سوریا رۆڵێکی زۆری لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکاندا هەبو کە دژی حافز ئەسەد-ی برای و باوکی بەشار ئەسەد-ی سەرۆکی ئێستای سوریا بەڕێوەدەچو، بەڵام ساڵی 1984 لە دەسەڵاتی سوریا دورکەتەوە و ئێستا لە ناوچەیەک لەنێوان فڕەنسا و بریتانیادا دەژی.

ئەوە لەكاتێكدایە، دادگای باڵای فڕەنسا لە ماوەی رابردودا لەسەر دۆسیەی کڕینی زەوی بازرگانی بە بەهای دەیان ملیۆن یۆرۆ، لێپرسینەوەی لەگەڵ رەفعەت ئەسەد کردوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP