ئاژانسی وزەی ئەتۆم: پێویستە ئێران سەبارەت بە زیادکردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو رونکردنەوە بدات

- 11/22/2019 7:39:00 PM 1171 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئاژانسی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، سەبارەت بە دوا راپۆرتی زانایانی ئەتۆم کە باس لەوەدەكەن ئێران بەشێوەی رانەگەیەندراو یۆرانیۆمی پیتێندراوە زیاددەكات، پێویستە دەسەڵاتدارانی ئێران رونکردنەوە بدەن. 

دوێنێ پێنجشەممە، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، شارەزایانی وزەی ئەتۆم بونی یۆرانیۆمی پیتێندراویان تۆمارکردوە کە ناوچەیەکی نادیار لەناوخۆی ئێراندا بەرهەمهێندراوە.

هەفتەی ئایندە شاندێكی تەکنیکی ئاژانسی وزەی ئەتۆم سەردانی ئەو وڵاتە دەکات و داوای رونکردنەوە لە بەرپرسانی تاران دەکات

لەو بارەیەوە ئەمڕۆ رۆنیل ڤیرۆتا، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە ڤییەناوە رایگەیاند، تا ئێستا ئێران سەبارەت بە زیادکردنی یۆرانیۆمی پیتێندراو رونکردنەوەی نەداوە، بەڵام هەفتەی ئایندە شاندێكی تەکنیکی ئاژانسی وزەی ئەتۆم سەردانی ئەو وڵاتە دەکات و داوای رونکردنەوە لە بەرپرسانی تاران دەکات.

مانگی ئەیلولی ئەمساڵیش، زانایانی ئەتۆمی سەر بە ئاژانسی وزەی ئەتۆم ئاماژەیان بەوەکردبو، بونی شوێنەواریان لەو شوێنە تۆمارکردوە کە بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە وتاری ساڵانەی وڵاتەکەی لە نەتەوەیەکگرتوەکان بە "کۆگایەکی نهێنی ئەتۆم " ناویبرد.

پێشتوتریش سەرۆكی ئێران، زیادكردنی گازی بۆ ئامێرەكانی پیتاندنی یۆرانیۆم لە دامەزراوەی (فۆردۆ)، وەك هەنگاوی چوارەم قۆناغ بۆ كەمكردنەوەی پابەندبونی وڵاتەكەی بە رێككەوتنە ئەتۆمیەكەی ساڵی 2015 راگەیاندبو. 

دوای ئەوەش بەرپرسانی باڵای ئێران رایانگەیاند، لە ئەگەر بەردەوامی سزاکان لەلایەن ئەمریکا و بێدەنگی وڵاتانی بەشدار لە رێککەوتنەکەدا، ئەوانیش ئاستی پابەندبونەکانیان بە رێککەوتنی ئەتۆم کەمدەکەنەوە و رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم بەرزدەکەنەوە. 

ئەو هەنگاوەی ئێرانی نیگەرانی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپای لێکەوتەوە و لەوبارەیەوە ئاماژەیان بەوەکرد، ئەگەر ئێران لە رێککەوتنی ئەتۆمی پاشگەزبێتەوە سزاکان بەسەر ئەو وڵاتەدا دەسەپێننەوە.

بەپێی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ساڵی 2015، رێگە بە ئێران درابو، تا ئاستێكی دیاریكراو یۆرانیۆم بپیتێنێت كە بڕەكەی 300 كیلۆگرام و ئاوی قورسیش لە 130 تۆن زیاتر نەبێت، بەڵام دوای ئەوەی ئەمریكا لە رێكەوتنە ئەتۆمییەكە کشایەوە، تاران پابەندبونی بە رێككەوتنامەكەوە كەمكردەوە و دەستیكردەوە بە پیتاندی یۆرانیۆم.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP