داتا.. پارتی پارێزكارانی بریتانیا لە پلەی یەكەمی ریزبەندی راپرسی هەڵبژاردنەكاندایە

- 11/22/2019 7:12:00 PM 3280 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لە راپرسییەكاندا سەبارەت بەو پارتە سیاسیانەی لە هەڵبژاردنەكانی مانگی داهاتوی بریتانیادا بەشداری دەكەن، پارتی پارێزكارانی بریتانیا بە 14 خاڵ پێش پارتی كاری بریتانیا كەوتوە.

20 رۆژ پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی بریتانیا، سەبارەت بەو پارتە سیاسیانەی لە هەڵبژاردنە گشتییەكاندا بۆ بەدەستهێنانی زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمان و گرەوی مانەوەی چونەدەرەوەی وڵاتەكە لە یەكێتی ئەوروپا بەشداریدەكەن، راپرسییەك ئەنجامدراو لەو راپرسییەشدا پارتی پارێزكاران كە لە ئێستادا حوكمی وڵات دەكات لە پلەی یەكەمدایە.

بەگوێرەی رێژە گشتییەكان، كە پێگەی ستاندارد-ی بریتانی بڵاویكردوەتەوە، لە راپرسییە گشتییەكانی هەفتەی رابردودا پارتی پارێزكارانی بریتانیا بە سەرۆكایەتی بۆریس جۆنسن لەسەدا 43ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە، لە پلەی دوەمیشدا پارتی كار-ی بریتانیا، كە پارتێكی ئۆپۆزسیۆنە و جێرێمی كۆربین سەرۆكایەتی دەكات رێژەی لەسەدا 29ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە.

ئەو ئەنجامانە دەریخستوە، لەماوەی سێ رۆژی رابردودا پارتەكەی بۆریس جۆنسن رێژەی دەنگەكانی زیادی كردوە، لەكاتێكدا رێژەی دەنگەكانی پارتی كاری ئۆپۆزسیۆن وەك خۆی ماوەتەوە و لەماوەی ئەو سێ رۆژەدا گۆڕانكارییەكی ئەوتۆی بەخۆوە نەبینیوە.

نوێترین راپرسییەكان سەبارەت بە هەڵبژاردنی داهاتوی بریتانیا لە لایەن پی ئەی میدیا-وە ئەنجامدراوە و دەریدەخات پارتی دیموكراتە لیبراڵەكان بە یەك خاڵ سەركەوتون بە رێژەی لەسەدا 14 بۆ لەسەدا 15 و بەوەش پلەی سێهەمی ریزبەندیەكەی بەدەستهێناوە.

ئەو راپرسیە نوێیە پاش ئەوەدێت، هەریەك لە پارتی كار و دیموكراتە لیبراڵەكان پارتی سەوزی بریتانیا سەبارەت بە هەلبژاردنەكان بەرنامە و راگەیەندراوی خۆیان بڵاوكردەوە، دواتریش پارتی برێكزیت رێساكانی خۆی خستەڕو.

تا ئێستا پارتی پارێزكاران بەرنامەی كار و راگەیەندراوی تایبەتی خۆی سەبارەت بە هەڵبژاردنە گشتیەكانی وڵات نەخستوەتەڕو، بەڵام بەپێی وتەی بەرپرسانیان لە داهاتویەكی زۆر نزیكدا ئەو كارە ئەنجام دەدەن.

بڕیارە رێکەوتی 12ی مانگی داهاتو، هەڵبژاردنی گشتی لە بریتانیا بەڕیوە بچێت، کە تیایدا چوار پارت کێبرکێ لەسەر مسۆگەرکردنی زۆرینەی پەرلەمان و گرەوی مانەوە و دەرچونی بریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا دەکەن.


 
 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP