سەرۆک کۆماری عێراق و ئەمیری قەتەر پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا

- 11/22/2019 6:59:00 PM 1412 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆک کۆماری عێراق و ئەمیری قەتەر پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا و جەختیان لە بە‌هێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و دەوحە لەسەرجەم بوارەکاندا کردەوە.

تێیدا باس لە پەیوەندیە هاوبەشەكانی نێوان هەردو وڵات كراوە

نوسینگەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە راگەیەنراوێکدا كە وێنەیەكی دەست خەندان كەوتوە رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی دكتۆر بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق لەگەڵ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، ئەمیری قەتەر پەیوەندییەكی تەلەفۆنیان ئەنجامدا و تێیدا باس لە پەیوەندیە هاوبەشەكانی نێوان هەردو وڵات كراوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوەكە، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا دکتۆر بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق سوپاسی تەمیم بن حەمەد ئال سانی، ئەمیری قەتەری کردوە بەرامبەر پشتیوانییە بەردەوامەکانی بۆ گەل و حکومەتی عێراق.

ئاماژە بەوەشكراوە، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا هەردولا جەختیان لەسەر پێویستی بەهێزکردنی پەیوەندیی و هاوکاریکردنی هەردو وڵات لەسەرجەم بوارەکاندا کردوەتەوە کە لە بەرژوەندی گەلی هەردو وڵات و گەلانی ناوچەکەدا بێت.

لە ماوەی دو ساڵی رابردودا پەیوەندییەکانی نێوان قەتەر و عێراق لە زۆربەی بوارەکاندا بەرەوپێشچونی بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەت دوای ئەوەی لە دو سەردانی جیاوازدا بۆ دەوحە، سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی عێراق ژمارەیەک رێککەوتنیان لە بوارەکانی  ئابوری، بازرگانی، وزە، کلتوری و رۆشنبیری و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەسەر ئاستی وەزیرانی پەیوەندیداری هەردولا واژۆکردوە و بوار بۆ وەربەرهێنانی قەتەری لە عێراق کراوەتەوە.


نیشانەکردن :

#سەرۆککۆمارى عێراق

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP