"رەوتی حیکمە پابەندی رێنماییەکانی مەرجەعیەتە"
حەکیم: نابێت لایەنە سیاسییەکان بۆ جێبەجێکردنی داواکاری خۆپیشاندەران کات بکوژن

- 11/22/2019 5:54:00 PM 1759 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتیمانی رایگەیاند، پشتیوانیدەکەن لە داواکاری مەرجەعیەت بۆ پەلەکردن لە جێبەجێكردنی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکان و کۆمسیۆنی هەڵبژاردن، ناشبێت لایەنە سیاسییەکان بۆ جێبەجێکردنی داواکاری خۆپیشاندەران کات بکوژن.

عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتیمانی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر وەڵامی نامەکەی ئەمڕۆی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراقی دایەوە و رایگەیاند، جێبەجێكردنی هەردو پڕۆژە یاسای هەڵبژاردن بە "لیستی نیمچەکراوە" و دانانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە "کەسانی بێ لایەن" رۆڵی کاریگەری دەبێت لە گەڕانەوەی متمانەی شەقام بە دەسەڵاتی وڵات و دەزگاکانی.

ئاماژەی بەوەشکردوە، وەک فڕاکسیۆنی رەوتی حکیمە لە پەرلەمانی عێراق. کاردەکەن لە ماوەیەکی دیاریکراودا هەردو پڕۆژەیاساکە پەسەند بکرێت.

ئەمڕۆ عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق رایگەیاند، "داوا لە خۆپیشاندەران دەکەن پارێزگاری لە بە ئاشتی هێشتنەوەی ناڕەزاییەکانیان بکەن و خۆیان لە توندوتیژی و کاری تێکدەرانە بەدوربگرن"، داواشی لە پەرلەمان کرد بە خێرایی پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان پەسەندبکات.

خۆپیشاندانەکانی عێراق کە ماوەی شەش هەفتەیە بەردەوامە یەکێک لە داواکارییەکانیان بڕینی موچەی پلەباڵاکانە کە دەرماڵەکانیان لەسەدا 70ی موچە پێکدەهێنێت، داواشدەکەن خزمەتگوزارییە تەندروستی و پەروەردەییەکان و پرۆژەی ئاوەدانکردنەوە زیاتر بکرێن، لەگەڵ ئەوەشدا داواکارن دەستەی دەستپاكیلێپرسینەوە لە گەندەڵکاران بکات.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP