رۆژنامەیەكی بریتانی: سزاکانی ئەمریکا کاریگەرییەکی دیاری لەسەر خۆپیشاندانەکانی ئێران هەیە

- 11/22/2019 5:38:00 PM 1712 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

رۆژنامەی فاينانشڵ تايمز-ی بریتانی لە راپۆرتێکدا باس لەوەدەکات، بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین لەلایەن حکومەتی ئێران کە بوە هۆی سەر هەڵدانی خۆپیشاندانەکان، دەریدەخات سزاکانی ئەمریکا ئابوری ئێرانی خنکاندوە.

هەفتەی رابردو حکومەتی ئێران بە شێوەیەکی لەکاناو بڕیاریدا نرخی بەنزین بە رێژەی زیاتر لەسەدا 100بەرزبکاتەوە، ئەوەش خۆپیشاندانی ناڕەزایی بەشێک لە هاوڵاتیانی ئەو وڵاتەی لێکەوتەوە، کە رۆژنامەکە بە "خراپترین دۆخی ئێران لە ماوەی دو ساڵی رابرودا" باسیکردوە.

زۆربونی ژمارەی دانیشتوان و رێژی بەکاربردن فشاری لەسەر حکومەت دورستکردوە کە ساڵانە دەگاتە 60 ملیار دۆلار

فاينانشڵ تايمز ئاماژەی بەوەشکردوە، ماوەیەکی زۆرە حکومەتی ئێران پشتیوانی لە نرخی بەنزین کردوە وەکو بەشێک لە هاوکاریکردنی خەڵکەکەی، بەڵام زۆربونی ژمارەی دانیشتوان و رێژی بەکاربردن فشاری لەسەر حکومەت دورستکردوە کە ساڵانە دەگاتە 60 ملیار دۆلار.

هەر وەک بەرپرسێکی ئێرانی باسی کردوە، سەختە حکومەت لە ئێستادا بتوانێت لە پشتیوانی کردنی نرخی بەنزین بەو رێژەیەی پێشوتر بەردەوام بێت، ئەوەش بە هۆی سزاکانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریکاوەیە كە ماوەیەكی زۆرە سەپاندویەتی بەسەر وڵاتەكەدا و ماوە داوی ماوە سزاكان توندتردەكات.
پێشتر تاران رۆژانە 2.8 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە کردوە، بەڵام دوای سزاکانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریکا ئەو رێژەیە بۆ 500 هەزار بەرمیل نەوت دابەزیوە

ئەو بەرپرسە باسی لەوەشکردوە، پێشتر تاران رۆژانە 2.8 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە کردوە، بەڵام دوای سزاکانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریکا ئەو رێژەیە بۆ 500 هەزار بەرمیل نەوت دابەزیوە، ئەوەش وایکردوە درایی بیانی لەو وڵاتەدا زۆر کەم ببێتەوە و هەڵئاوسان دروستببێت.

هەینی رابردو ئاژانسی هەواڵی ئیرنا-ی نیمچە فەرمی لە ئێران، لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکردوە بەهۆی بڕیاری حکومەتی ئێران بۆ بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین بۆ دو بەرامبەر (هەزار و 500 تمەن بۆ سێ هەزار و 500 تمەنی ئێرانی)، هاوڵاتیانی چەند شارێکی ئەو وڵاتە ناڕەزاییان دەربڕیوە و لە هەندێك شاریش روبەڕوبونەوە لەنێوان پۆلس و هاوڵاتیاندا رویداوە.

هاوڵاتیانی ناڕازی ئێران دەڵێن، "رێژەی گشتی داهاتەكانیان 200 دۆلار تێناپەڕێنێت و ناتوانن ئەو بڕە پارە زیادەیەی بەنزین دابین بكەن"، ئەوەش لەپاڵ بەرزبونەوەی نرخەكانی خۆراك كە لە سەرەتای سەپاندنی سزاكانی ئەمریكا بەسەر وڵاتەكەدا دروستبوە و بەرزبونەوەی نرخەكانیش بەردەوامی هەیە.

لای خۆیەوە بیژەن زەنگەنە، وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند، بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین لە ئێران ساڵانە 31 تریلیۆن تمەن داهات بۆ دەوڵەت دەگەڕێنێتەوە کە لە بەرژوەندی خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت بەکاردەهێنرێتەوە.

هاوکات رێکخراوی پلاندانان و بودجەی ئێران ئاماژەی بەوەکردوە، بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین بە بەهای 30 تریلیۆن تمەن دەتوانێت پشتیوانی دارایی بۆ 60 ملیۆن هاوڵاتی کەمدەرامەت و هەژاری ئێران دابین بکات.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP