سبەینێ شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات

- 11/22/2019 4:31:00 PM 5392 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەبارەت بە تاوتوێكردنی ژمارەیەك پرسی گرنگی پەیوەست بە هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەند، بڕیارە شاندێكی باڵا-ی هەرێم سەردانی بەغدا بكات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق كۆببنەوە.

سەبارەت بە تاوتوێكردنی پرسەكانی بودجەی گشتی و نەوت و ژمارەیەك دۆسیەی دیكە

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست خەندان كەوتوە، سبەینێ شەممە شاندێكی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەبارەت بە تاوتوێكردنی پرسەكانی بودجەی گشتی و نەوت و ژمارەیەك دۆسیەی دیكە، سەردانی بەغدا بكەن و لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبونەوە ئەنجامبدەن.

هاوكات ئەو شاندەی هەرێم لەگەڵ هەریەك لە سامر عەباس غەزبان، وەزیری نەوتی عێراق و فوئاد حسێن، وەزیری دارایی وڵات كۆدەبنەوە و پرسەكانی نەوت و غاز و بودجەی گشتی لە كۆبونەوەكانیاندا باسدەكرێت.

پێشتر باس لەوەكراوە لە سەرەتای ساڵی 2020ەوە بەرامبەر موچەی فەرمانبەران هەرێم، بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوت بنێرێتە بەغدا

خەندان زانیویەتی بە گوێرەی دواهەمین رێككەوتن و تاوتویكردنەكانی پرسەكانی نەوت و بەشە بودجەی تایبەت بە هەرێمی كورستان، پێشتر باس لەوەكراوە لە سەرەتای ساڵی 2020ەوە هەرێم بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوت بنێرێتە بەغدا، لە بەرامبەریشدا حكومەتی ناوەند موچەی فەرمانبەران رەوانەی هەرێم بكات.

هەر بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست خەندان كەوتوە، شاندەكەی هەرێم شاندێكی تەكنیكی ئاستبەرز دەبێت كە هەریەك لە وەزیری دارایی و سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرێكی هەرێم ئەندام دەبن تێیدا، بەڵام هیچكام لە سەرۆك وەزیران و جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم لەو شاندەدا نابن.

 

بەپێی ئەو پێشبینیانەی لە ئێستادا هەیە، كۆبونەوەكانی ئەمجارەی هەرێم و بەغدا ئەرێنی دەبن، بەوپێیەی هەردولا گەیشتونەتە لێكتێگەیشنێكی باش سەبارەت بەو پرسانەی پەیوەستن بە هەرێمی كوردستانەوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP