وەزارەتی دەرەوەی سوریا داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات ئەردۆگان رابگرن

- 11/22/2019 3:39:00 PM 4350 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزارەتی دەرەوەی سوریا لەبەیاننامەیەكدا بەتوندی ئیدانەی لەشكركێشیەكانی توركیا دەكات بۆ سەر رۆژئاڤای كوردستان و داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردوە ئەردۆگان ناچاربکەن هێرشە تەماحکارییەکانی رابگرێت

لەبەیاننامەیەكدا، وەزارەتی دەرەوەی سوریا رایگەیاند"سوریا بە توندترین شێوەیە، ئیدانەی لەشکرکێشی و هێرشەكانی توركیا دەكات بۆ سەر خەڵكی سیڤیلی سوریا".

ئاماژە بەوەشكراوە،"لە تازەترین تاوانیدا، ئەردۆگان بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لە نزیک گرێ سپی چەند شوێنێکی کردوەتە ئامانج کە منداڵ و خەڵکی مەدەنیش لە هێرشەکاندا کوژراون".

بەگوێرەی بەیاننامەكە، سەرەڕای ئەوەی تورکیا دەبێت بەپێی ڕێککەوتنی سوچی كەلەگەڵ روسیا ئەنجامیداوە مامەڵە بکات، بەڵام وادەردەکەوێت سوپاکەی ئەردۆگان و هاوکارە تیرۆرستەکانی بەردەوامی بە تاوان دەدەن و سورن لەسەر داگیرکاری زیاتر، هەمو ئەوانەش دەیسەلمێنێت ئەردۆگان گوێ لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و یاساکانی ناگرێت".

ئەوەشخراوەتەرو كە سوریا و هاوکارەکانی ڕێگا لە کوشتن و بەتاڵانبردنی خەڵک و ماڵی سورییەکان دەگرن، هاوكات سوریا داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردوە ئەردۆگان ناچاربکەن هێرشە تەماحکارییەکانی بۆ سەر سوریا رابگرێت".

شەوی رابردوش لە تویتێكدا مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هەسەدە رایگەیاند"تورکیا ئەندامانی خانەوادەیەکی کوردی لە نزیک کۆبانێ لە رێگەی بۆردومانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کوشت، کەچی دەشڵێن حەوت تیرۆریستیان کوشتوە".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP