نرخی نەوت بەرزترین ئاستی خۆی لەماوەی دومانگی رابردودا تۆمارکرد

- 11/22/2019 3:21:00 PM 3899 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەهۆی بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەی سیاسەتی کەمکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت بۆ مانگی حوزەیرانی داهاتو لەلایەن رێکخراوی ئۆپێکەو گومانی زۆری بازرگانان لەبارەی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و چین، نرخی نەوتی خاو لەبازاڕەکانی جیهاندا بەرزترین ئاستی خۆی لەماوەی دو مانگی رابردودا تۆمارکرد.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، ئەمڕۆ هەینی نرخی نەوتی خاوی برێنت نزیکەی لەسەدا 2 بەرزبوەوە و ، لە دوایین مامەڵەدا بە  63.91 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوەکرا.

بەپێی هەمان سەرچاوە نرخی نەوتی خاوی تەکساس نزیکەی لەسەدا 4 بەرزبونەوەی بەخۆوە بینیوە و هەر بەرمیلێک بە   58.37 دۆلار مامەڵەی پێکراوە.

بڕیارەکانی رێکخراوی ئۆپێک یەکێکە لەهۆکارە سەرەکییەکانی بەرزبونەوەی نرخی نەوت و بەتایبەتیش دوای ئەوەی رێکخراوەکە جەخی کردەوە کە هەریەک لەنێجیریا و عێراقیش پێویستە پابەندبن بە سیاسەتی کەمکردنەوەی بڕی هەناردەکردنی نەوت.

ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ ڤلادیمێر پۆتین، سەرۆکی روسیا رایگەیاند، روسیا و وڵاتانی ئۆپیک ئامانجێکی هاوبەشیان هەیە بۆ رێگریکردن لە دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا، بە زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت بەشێوەیەکی سنوردار.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP