ئێران: پێویستە ئەمریکا بەرپرسیارێتی پاراستنی سەربازەکانی خۆی لەکەنداو بگرێتە ئەستۆ

- 11/22/2019 2:45:00 PM 2250 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
فەرماندەی یەکەکانی خاتەمول ئەنبیا لەسوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، پێویستە ئەمریکا بەرپرسیارێتی پاراستنی سەربازەکانی خۆی لەکەنداو بگرێتە ئەستۆ.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی روسیا تودەی، لیوا غولام عەلی رەشید، فەرماندەی یەکەکانی خاتەمول ئەنبیا لەسوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران، پاش بڵاوبونەوەی هەواڵی جوڵەپێکردنی کەشتی جەنگی ئەبراهەم لینکۆڵنی ئەمریکی، رایگەیاند، پێویستە ئەمریکا بەرپرسیارێتی پاراستنی سەربازەکانی خۆی لەکەنداو بگرێتە ئەستۆ.
جوڵەپێکردنی کەشتی جەنگی ئەبراهەم لینکۆڵنی ئەمریکی بەکارێکی گەمژانەیە

ئەو فەرماندە سەربازییەی ئێران جوڵەپێکردنی کەشتی جەنگی ئەبراهەم لینکۆڵنی ئەمریکی بەکارێکی " گەمژانە" وەسفکردوە و رایگەیاندوە، وڵاتەکەی شەڕی ناوێت، بەڵام زۆر بەتوندی بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی و خەڵکەکەی دەکات.

دوێنێ پێنجشەممە کەشتی جەنگی ئەبراهەم لینکۆڵنی ئەمریکی بەئاراستەی سنورەکانی ئێران لەگەروی هورمز جوڵەی پێکراوە و هاوکات، بەپێی زانیارییەکان کەشتییەکی دیکەی جەنگی ئەمریکا کە 80 فڕۆکەی لەخۆگرتوە گەیشتۆتە کەنداو.

جوڵەی هێزەکانی ئەمریکا لەکاتێکدایە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لەناو ئێراندا هەیەو بەرپرسانی ئەو وڵاتەش بڕیاری زیادکردنی بڕی پیتاندنی یۆرانیۆمیان بۆ ئاستێکی مەترسیدار راگەیاندوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP