بەپەلە

چیرۆكی ژنێكی كۆڵنەدەر لە گەرمەسێرەوە

- 11/22/2019 2:42:00 PM 6922 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- نیگار عومەر 

ئەگەر چی ژیانێکی سەخت و ناڕەحەت بەڕێ دەکات، بەڵام ژنە تەمەن 54 ساڵەكەی كەلار دەیەوێیت بەدەستی خۆی و بە شیری مانگاکەی بژیت، چاوی لەدەستی کەس نەبێت.

دوای ئەوەی دایکم و براکەم کۆچی دواییان کرد، بەتەنها مامەوە

 

تەلیعە ئەحمەد، دانیشتوی گوندی تازە دێی سەر بەقەزای کەلارە،  لەبەردەم دوکانێکدا دادەنیشێت بەدیار بەرهەمەکانیەوە چاوەڕێی دەکات کەسێک بێت و بەرهەمەکەی لێ بکڕێت، ئەو دەیەوێت بەشیری مانگاکەی بژێوی ڕۆژانەی خۆی و تاقە کوڕەکەی دابین بکات.

شوم کرد بە پیاوێک لەخۆم گەورەتر بو، بۆ ئەوەی ژیانێیک بۆخۆم دابین بکەم، دوای ماوەیەک مێردەکەم کۆچی دوایی کرد

 

تەلیعە بۆ خەندان باسی ژیانی خۆی كرد، وتی" دوای ئەوەی دایکم و براکەم کۆچی دواییان کرد، بەتەنها مامەوە شوم کرد بە پیاوێک لەخۆم گەورەتر بو، بۆ ئەوەی ژیانێیک بۆخۆم دابین بکەم، دوای ماوەیەک مێردەکەم کۆچی دوایی کرد من بەتەنها مامەوە"

زۆر کات بێ خواردن ماوینەتەوە، دەیان شەو بە ئاواتی چێشتی مریشکێکەوە سەرمان ناوەتەوە

 

ئەو ژنە شیر فرۆشە وتیشی،" دوای مردنی مێردەکەم ناڕەحەتی و نەبونی زۆرم بینی و زۆر کات بێ خواردن ماوینەتەوە، دەیان شەو بە ئاواتی چێشتی مریشکێکەوە سەرمان ناوەتەوە، چەندین مانگ هەبو دینارێک لەماڵمان نەبوە، تاقە کوڕێکم هەبو له مێردەکەم  زۆرجار داوای شتی لێ دەکردم و هیچم پێ نەبو بۆی بکڕم، ڕۆژی سەدجار ئەمردم، دائەنیشتم تێر بۆ خۆم ئەگریام.

دوای ئەوەی هەندێک کەس هاوکاریان کردم، مانگایەکم کڕی، هەوڵمدا لەم ڕێگەیەوە بژێوی ژیانم دابین بکەم

 

تەلیعە بەردەوام بو لە گێڕانەوەی چیرۆكی ژیانی و وتی، دوای ئەوەی هەندێک کەس هاوکاریان کردم، مانگایەکم کڕی، هەوڵمدا لەم ڕێگەیەوە بژێوی ژیانم دابین بکەم، ئێستا دو سێ ڕۆژ جارێک بەرهەمی مانگاکە کۆ دەکەمەوە و دەیهێنم بۆ شاری کەلار دەیفرۆشم، ئەگەر چی بڕە پارەیەکی زۆر کەمە، بەڵام بەشی بەشی شێوی ئێوارە و نانی نیوەڕۆم دەکات.

ڕۆژانە دەچم لە نێو دەشتایەکان پوش و گژوگیا و گەڵا بۆ مانگاکەم دێنم و خزمەتی دەکەم

 

ئەو بۆ ئەوەی مانگاكەی شیری باشی هەبێت كۆڵنادات، وەك خۆی وتی،"ڕۆژانە دەچم لە نێو دەشتایەکان پوش و گژوگیا و گەڵا بۆ مانگاکەم دێنم و خزمەتی دەکەم و دەیدۆشم، بەرهەمەکەی کۆدەکەمەوە و دەیکەم بەماست و بەشێک لەماستەکەی دەکەم بە دۆ، دوڕۆژ یان سێ ڕۆژ جارێک دیمە کەلار ماست و دۆکە دەفرۆشم".

زۆرجار لەلایەن پۆلیسی ناو شارەوە گرفتمان بۆ دروستدەبێت

 

كۆسپ و تەگەرەكانی بەردەم كارەكەی بەشێكن لە نارەحەتیەكانی ژیانی ئەم ژنە كۆڵنەدەرەو وەك خۆی وتی،"زۆرجار لەلایەن پۆلیسی ناو شارەوە گرفتمان بۆ دروستدەبێت، ڕۆژێک ماستەکەیان بردو ڕشتیان بێ ئاگا لەوەی ئەو ماستە سەرچاوەی بژێوی منە".

دوای ئەوەی ماست و دۆکە دەفرۆشم،  بەبەهای دو سێ هەزار بۆ شێوی ئێوارە خواردن دەکڕم

 

لەدرێژەی گێڕانەوەی چیرۆكی ژیانی وتی،"دوای ئەوەی ماست و دۆکە دەفرۆشم،  بەبەهای دو سێ هەزار بۆ شێوی ئێوارە خواردن دەکڕم و بەهیلاکی و ماندوبونەوە دەگەڕێمەوە، کەوچكێك چێشت لێدەنێم و دەیخۆم، ئەگەر چی کەمە، بەڵام ئەمە ژیانی منە"

لەئێستادا كوڕەكەی لە زانكۆ خوێندكارە، بەتەنها لە خانویەكی گڵدا دەژی

 

وەك پورە تەلیعە باسی كرد لەئێستادا كوڕەكەی لە زانكۆ خوێندكارە، بەتەنها لە خانویەكی گڵدا دەژی.

سەختی ژیانم زۆر بینیوە، هەندێک کات لەنێو بازاڕی کەلاردا دادەنیشم، بەسەر بەرزی ئیشەکەی خۆم دەکەم

 

وتیشی،" سەختی ژیانم زۆر بینیوە، هەندێک کات لەنێو بازاڕی کەلاردا دادەنیشم، بەسەر بەرزی ئیشەکەی خۆم دەکەم و هەندێک کات ڕوبەڕوی قسەی ناخۆش دەبمەوە، بەڵام گوێم پێ نەداوە زۆر کەس دەست خۆشیم لێ دەکەن"

پورە تەلیعە ماست و دۆیەکی پاک و جوانی هەیە

 

ئەمیرە حەسەن، یەكێكە لەو هاوڵاتیانەی بەرهەمەكەی تەلیعە ئەحمەد دەكڕێت، بۆ خەندان وتی،"پورە تەلیعە ماست و دۆیەکی پاک و جوانی هەیە، بۆیە من هەمو جارێک دێم لەبەرهەمەکەی دەکڕم و نمونەی ئافرەتێکی بەهێزە"

زۆرجار بەدیار ماست و دۆکەمەوە دادەنیشم دەڵیم خوایه زو شتەکان بفرۆشم و بگەڕێمەوە

 

پورە تەلیعە لە كۆتایی چیرۆكی ژیانی وتی،" زۆرجار بەدیار ماست و دۆکەمەوە دادەنیشم دەڵیم خوایه زو شتەکان بفرۆشم و بگەڕێمەوە، چونکە ماڵمان لەلادێیەوە و سەیارە نامێنێت و هەزار داڵغە لەدڵمدایە، سوپاسی ئەو خاوەن دوکانەش دەکەم کە ڕێگەی دام لەبەردەم دوکانەکەی دانیشم، ئەگەر هاوکاری بکرێم دەتوانم زیاتر پەرە بەئیشەکەم بدەم"



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP