يونيسێف: پێنج مليۆن منداڵى سورى پێويستيان بە هاوكارى مرۆيى هەيە

- 11/22/2019 2:19:00 PM 1338 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

نێردەى تايبەتى يونيسێف بۆ سوريا، فران ئيكويزا رايگەياند، پێنج مليۆن منداڵى سورى پێويستييان بە هاوكارى مرۆيى هەيە كە دو مليۆن و 600 هەزاريان ئاوارەى ناوخۆيى سوريان.
 پێنج مليۆن منداڵى سورى پێويستييان بە هاوكارى مرۆيى هەيە كە دو مليۆن و 600 هەزاريان ئاوارەى ناوخۆيى سوريان

نێردەى تايبەتى يونيسێف بۆ سوريا، فران ئيكويزا و گوتەبێژى يونيسێف، ماريكزى ميركادۆ لە نووسينگەى نەتەوە يەكگرتووەكان لە جنێف راپۆرتێكيان دەربارەى دۆخى منداڵانى سوريا پێشکەشکرد و تێیدا ئاماژەیان بەوەکرد، پێنج مليۆن منداڵى سورى پێويستييان بە هاوكارى مرۆيى هەيە كە دو مليۆن و 600 هەزاريان ئاوارەى ناوخۆيى سوريان.
لانیكەم 250 منداڵ لە بەنديخانەكانى باکوری سوریادان

بەگوێرەی راپۆرتەکەی یونیسێف، لانیكەم 250 منداڵ لە بەنديخانەكانى باکوری سوریادان کە بونەتە بارگرانییەکی زۆر بۆ دەسەڵاتی خۆجێی یەکینەکانی پاراستنی گەل ( یەپەگە).

ئيكويزا سەرنجى میدیاکانی بۆ سەر قەبارەى قەيرانەكەى سوريا راكێشا و بە توندترين و ئاڵۆزترين و سەرسوڕهێنترين قەيرانى لەقەڵەمدا.

فران ئيكويزا، رايگەياند تامانگى ئەيلولى ئەمساڵدا هەزارو 792 حاڵەتی پێشێلكردنى مافى مرۆڤ لەلايەن نەتەوە يەكگرتوەكانەوە تۆمارکراوە کە بريتين لە كوشتن، برينداركردن، ناردن بۆ سەربازى، ڕفاندنى منداڵان و هێرشكردنە سەر قوتابخانە و دامەزراوە تەندروستييەكان.

نێردەى تايبەتى يونيسێف لە سوريا، باسى لە ئامارەكانى ساڵى رابردوش كرد كە لانيكەم هەزارو 106 منداڵ گيانيان لەدەستدابو کە رێکخراوەکە بەگەورەترين ژمارەى دادەنێت لە سەرەتاى دەستپێكى شەڕى ناوخۆى سورياوە.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، لەمساڵدا و لەسەرەتاى مانگى كانونى دوەمەوە تاكو كۆتايى مانگى ئەيلول 657 منداڵ گيانيان لەدەستداوە و 324ى ديكەش برينداربون.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP