لیژنەی دەرخستنی راستیەكانی نەوت سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات

- 11/22/2019 1:31:00 PM 2757 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بڕیارە بەمنزیكانە لیژنەی تایبەت بە دەرخستنی راستیەكان لەسەر نەوتی هەرێمی كوردستان، سەردانی هەرێم بكات و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی تایبەت بە پرسی نەوت كۆببێتەوە

غالب محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی گۆڕان بە خەندان-ی راگەیاند،"بەهۆی خۆپیشاندانەكانی عێراقەوە كارەكانی لیژنەكەمان كەمێك سستی تێكەوت بەهۆی ئەوەی بەشێك لە پەرلەمانتاری ناو لیژنەكە عەرەبن و چونەوە پارێزگاكانی خۆیان، لەكۆبونەوەی ئەم هەفتەیەدا باسی ئەوەكرا كە كەی بێینە هەرێمی كوردستان بكەین، بەڵام هەتا ئێستا كاتەكەی دیاریی نەكراوە، بەڵام بەمنزیكانە سەردانی هەرێم دەكەین بۆ پێدانی راپۆرت بە حكومەتی عێراق پێش گفتوگۆ لەسەر پرسی بودجەی ساڵی 2020".
لە سەردانەكەماندا دەچینە وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی سامانە سروشتیەكان و لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی كوردستان

 

وتیشی،"لە سەردانەكەماندا دەچینە وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی سامانە سروشتیەكان و لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی كوردستان، پێشتر چوینەتە وەزارەتی نەوتی عێراق و كۆمپانیای سۆمۆ، ئێستا تەنها هەرێمی كوردستان ماوە".

هەرێمی كوردستان دەبێت نەوت رادەست بكات

 

پەرلەمانتارەكەی گۆڕان وتیشی،"هەرێمی كوردستان دەبێت نەوت رادەست بكات، جا چۆن لەگەڵ حكومەتی عێراق رێكدەكەون و لە بودجەدا چۆن دادەنرێت، ئەوە دەكەوێتە سەر رێكەوتنەكە، بەڵام ئاسان نییە دوای خۆپیشاندانەكان بتوانن جارێكی دیكە ئەو رەقەمانەی ساڵی 2019 بۆ هەرێم جێگیربكەنەوە".

لیژنەكە لە 10 ئەندام پەرلەمان پێكهاتوە كە هەریەك لە (غالیب محەمەد، رێبوار تەها، ئارام ناجی) پەرلەمانتارانی كورد و (حسین فایز، سادق سولەیتی، عەلی عەبودی، فالیح خەزعەلی، زەیتون دلێمی، عادل مەحلاوی، کەریم عەفتان جومەیلی) پەرلەمانتاری پێكهاتەكانی دیكەی عێراقی تێدایە. 

لیژنەكە دەبو لەماوەی 15 رۆژدا رێژەیەی نەوتی هەرێمی كوردستان کە لە بەندەری جەیهانەوە هەناردە کراوە بەشێوەی رۆژانە و مانگانە لە رۆژی 1/1/2019 هەتا  1/9/2019 لە راپۆرتێكدا پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراقی بكات، بەڵام بەهۆی خۆپیشاندانەكانی عێراقەوە كارەكانی لیژنەكە و سەردانیان بۆ هەرێم كوردستان دواكەوت.

پێشتر لەزاری غالب محەمەد، ئەندامی لیژنەكە بڵاویكردەوە،"لە ماوەی 1/1/2019 بۆ 1/9/2019 بەبەهای 6 ملیارو نیو، نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بۆریەوە فرۆشراوە" غالب محەمەد وتی،"ئێمە زانیومانە چەند هەزار بەرمیل نەوت فرۆشراوە، سۆمۆ بە چەند و لە كوێ بۆی فرۆشتوە، و لە رۆژێكدا بەپێی داتاكانی سۆمۆ بەبەردەوامی 441 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە فرۆشراوە".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP