كەسایەتی ئاینی ناسراو "حاجی شێخ عوسمانی سیرێ" كۆچی دوایی كرد

- 11/22/2019 11:49:00 AM 6106 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەیانی ئەمڕۆ هەینی، كەسایەتی ئایینی تەریقەتی نەقشبەندی و ناوچەی شارباژێڕ "حاجی شێخ عوسمانی سیرێ" كۆچی دوایی كرد و لەناوچەی شارباژێر بەخاك سپێردرا.

حاجی شێخ عوسمانی سیرێ ناوی ته‌واوی عوسمان عه‌بدولقادر بابه‌شێخ بوە و له‌ نه‌وه‌ی شێخ مسته‌فای قه‌له‌نده‌ره‌ و له‌ ساڵی 1934 له‌ گوندی سیرێی سەر بە ناوچه‌ی سیوه‌یلی قه‌زای شارباژێر له‌ دایكبوه‌ و هەر زو دەستی كردوە بە خوێندنی ئاین و لەسەر پەیڕەوی باو و باپیرانی بوە و موریدی شێخانی بیاره‌ بون و له‌سه‌ر رێبازی ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی بون.


ماوەی 7 ساڵ چوەتە بیارەو له‌سه‌ر ده‌ستی شێخ عه‌لائه‌دینی نه‌قشبه‌ندی ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی وه‌رگرتوە، دوای گەڕانەوەی بۆ سیرێ ماوەیەك لەوێ خزمەتی پەیڕەوانی تەریقەتی نه‌قشبه‌ندی كردوە، دوای وێرانكردنی گوندی سێرێ له‌ لایه‌ن به‌عسه‌وه‌، هاتوەتە سلێمانی و مزگه‌وتی خانه‌قای بابه‌شێخی سیرێی دروستكردوە.

 

لەنێوان ساڵانی 1991 بۆ 2000 لە شاری بانەی ئێران ژیاوە و بەدرێژایی تەمەنی خزمەتی بە رێبازی تەریقەتی نەقشبەندی كردوە.

ڕێبوار سیوەیلی نوسەر لەبارەی ئەو كەسایەتییە ئاینیەوە نوسیویەتی،"لە منداڵییەكی زۆر زومدا، بە ڕوخساری گەشاوەی ئاشنابوم. كاتێك لە گوندی (سیرێ)وە تەشریفیان دەهێنا بۆ (بارێی بچوك)، ژیان و ئاوەدانی دەهێنا و یاریی و زۆرانبازی و كەشی عاریفانەی شەوانی زیندو دەكردەوە. جەنابی شێخ عوسمانی سیرێ بەتەنیا ژیانێك بو، لەگەڵ منداڵ منداڵ دەبۆوە و لەنێو گەورەكانیشدا خۆی لەكەس بە گەورەتر نەدەزانی. ئەو پیاوی موحییبەت و خەندە و ژیان بو. لە ناخی خۆیشیدا خواپەرستێكی بێنمونە و بەدور لە هەمو پەڕگیرییەكی ئایینی. لە هەمو بوارەكانی ئاییندا شارەزا و خوێندەوار، بەڵام بۆ هەر كێشەیەك پرسی دەكرد و بەمەش بڕوابونی خۆی بە جیاوازیی بیروڕا دەسەلماند. كە گوندەكان سوتێنران و بەزۆر ڕاگوێزران، جەنابی وەك هەمو خەڵكەكە شوێن و خانەقای خۆی بەجێهێشت و سەرەتا لە سلێمانی و پاشان لە شاری بانەی ڕۆژهەڵات گیرسایەوە. لە سەرەتای دو هەزاردا گەڕایەوە هەرێمی كوردستان و لە هەولێر لە خزمەتیدا بوین هەتا بەیەكجاری گەڕایەوە سلێمانی و ئیتر لەوێ نەخۆشی و لە جێدا كەوتن تەنگی پێهەڵچنی".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP