هەواڵی ئەمڕۆ

كاره‌كانی ده‌یه‌مین كۆنگره‌ی حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان ده‌ستیپێكرد

- 11/22/2019 10:41:00 AM 1134 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان - شه‌وكه‌ت قادر

كاره‌كانی ده‌یه‌مین كۆنگره‌ی حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان له‌ شاری هه‌ولێر ده‌ستیپێكرد، وته‌بێژی كۆنگره‌ش رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌و كۆنگره‌یه‌ ئه‌نجومه‌نێك بۆ به‌ڕێوه‌بردنی حزب دیاری ده‌كرێت و سكرتێری حزبیش دیاری ده‌كرێت .

هه‌ندرێن شێخ راغب، وته‌بێژی ده‌یه‌مین كۆنگره‌ی حزبی زه‌حمه‌تكێشان به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاند،"ئه‌و كۆنگره‌یه‌، كۆنگره‌یه‌كی ئاساییه‌ و كۆنگره‌ی ده‌یه‌مه‌، له‌ دامه‌زراندنی حزبه‌وه‌ هه‌مو كاتی خۆی كۆنگره‌ی خۆی به‌ستوه‌ له‌هه‌ر هه‌لومه‌رجێكدا بێت، ئه‌م كۆنگره‌یه‌ش كۆنگره‌یه‌كی ئاساییه‌ و به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆ ئه‌نجامده‌درێت،  370 ئه‌ندام تیایدا به‌شدارن له‌و ژماره‌یه‌ 20% ژنه‌ و 60% گه‌نجه‌.

وتیشی، "له‌و كۆنگره‌یه‌دا راپۆرتی سیاسی و به‌رنامه‌ی سیاسی و په‌یڕه‌وی ناوخۆمان هه‌یه‌ هه‌رسێكیان ده‌خه‌ینه‌ به‌ر ده‌ست كۆنگره‌ و گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كرێت بۆ په‌سه‌ندكردن بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ نه‌خشه‌رێگای حزب تا كۆنگره‌ی داهاتو".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو ، بڕیاروایه‌ له‌و كۆنگره‌یه‌ ئه‌نجومه‌نێكی سیاسی هه‌ڵبژێرین، ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ ده‌زگای به‌ڕێوه‌بردنی حزب ده‌بێت تا كۆنگره‌ی داهاتو، ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ چاودێر ده‌بێت به‌سه‌ر كاره‌كانی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی، سه‌رۆكێك بۆخۆی هه‌ڵده‌بژێرێت كه‌ نوێنه‌رایه‌تی سكرتێری حزب ده‌كات، هه‌ر ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی داده‌نێت.

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP