زیاتر له‌ 16 هه‌زار په‌نابه‌ری رۆژئاڤا رویان له‌ هه‌رێم كردوه‌

- 11/22/2019 10:36:00 AM 467 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان - شه‌وكه‌ت قادر  

به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی هه‌ماهه‌نگی قه‌یرانه‌كان له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ رایده‌گه‌یه‌نێت، زیاتر له‌ 16 هه‌زار په‌نابه‌ر له‌ رۆژئاڤای كوردستانەوە رویان له‌ هه‌رێمی كوردستان كردوه‌ و به‌رده‌وامیش په‌نابه‌ران رو له‌ هه‌رێم ده‌كه‌ن.

مەریوان حەسەن، به‌ڕێوه‌به‌ری وه‌ڵامدانه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كان له‌ سه‌نته‌ری jcc له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاند، "به‌هۆی شه‌ڕ و ئاڵۆزیه‌كانی سوریا 16هەزارو 335 په‌نابه‌ری رۆژئاڤای كوردستان رویان له‌ هه‌رێمی كوردستان كردوه‌ و رۆژانه‌ش په‌نابه‌ران له‌ رۆژئاڤای كوردستانه‌وه‌ رو له‌ هه‌رێم ده‌كه‌ن".
ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ له‌ كه‌مپه‌كانی به‌رده‌ڕه‌ش و گه‌ویلان نیشته‌جێكراون و پێداویستیه‌كانی ژیانیان له‌ لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێم و رێكخراو و ناوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان بۆ دابینكراوه‌

 

وتیشی، "ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ له‌ كه‌مپه‌كانی به‌رده‌ڕه‌ش و گه‌ویلان نیشته‌جێكراون و پێداویستیه‌كانی ژیانیان له‌ لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێم و رێكخراو و ناوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان بۆ دابینكراوه‌".

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، حكومه‌تی هه‌رێم به‌ هه‌ماهه‌نگی یوئێن و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و ناوه‌ندی هه‌ماهه‌نگی قه‌یرانه‌كان، سه‌رقاڵی داڕشتنی پلانێكین بۆ ئه‌وه‌ی ته‌واوی ئاماده‌كاری بكه‌ین و رێكاری پێویست بگرینه‌به‌ر بۆ هه‌ر حاڵه‌تێك كه‌ په‌نابه‌ران رو له‌ هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، حكومه‌تی هه‌رێم پلانی هه‌یه‌ پێشوازی له‌ هاتنی په‌نابه‌ران فراوانتر بكات له‌ رێگای دروستكردنی كه‌مپێك له‌ پارێزگای دهۆك، ئه‌و كه‌مپه‌ له‌ قۆناغی دروستكردنه‌، كه‌مپێكیش له‌ شاری هه‌ولێر دروست ده‌كرێت و زه‌وی بۆ ده‌ستنیشان كراوه‌ ته‌نها مامه‌ڵه‌ی یاسایی له‌گه‌ڵ خاوه‌نی زه‌ویه‌كان ماوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بكه‌وێته‌ بواری جێبه‌جێكردن .



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP