ئەمریکا هۆشداری دەداتە میسر لەبارەی کڕینی فڕۆکەی روسی

- 11/22/2019 9:41:00 AM 2971 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، لەگەڵ دەسەڵاتدارانی قاهیرە لەپەیوەندیدان بۆ دورخستنەوەی ئەو وڵاتە لەگرێبەستی کڕینی فڕۆکەی جەنگی روسیا، ئاگاداریشیان کردون لەحاڵەتی ئەنجامدانی گرێبەستەکەدا ئەمریکا ىسزایان بەسەردا دەسەپێنێت.

بەپێی هەواڵێکی ئەلعەرەبییە، ئەمڕۆ هەینی بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە نەیویستوە ناوی ئاشکرابکرێت رایگەیاندوە، ئەمریکا لەپەیوەندیدایە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی قاهیرە تا دوربکەونەوە لەواژۆکردنی گرێبەستی کڕینی فڕۆکەی روسی، ئەگەرنا ئەمریکا سزایان دەدات.
بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی وەزارەتی بەرگری میسر، ئەمریکا لەپەیوەندیدا بوە لەگەڵ قاهیرە

ئەو بەرپرسە باڵایەی ئەمریکا راشیگەیاندوە، بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی وەزارەتی بەرگری میسر، ئەمریکا لەپەیوەندیدا بوە لەگەڵ قاهیرە، بەڵام بەرونی پێیانوتون کە کڕینی کەرەستەی سەربازی لەروسیا دەیانخاتە بەردەم مەترسی سەپاندنی سزا لەلایەن ئەمریکاوە.

لەماوەی چەند ساڵی رابردودا ئەمریکا ملیۆنان دۆلاری وەک هاوکاری پێشکەشی کەرتی ئابوری میسر کردوە و هاوکات کەرەستەی سەربازیشی بۆ روبەروبونەوەی گروپە توندڕەوەکان پێشکەشکردوە.

سەرەتای ئەمساڵ، میسر گرێبەستێکی 2 ملیار دۆلاری لەگەڵ روسیا واژۆکرد بۆ کڕینی زیاتر لە 20 فڕۆکە لەجۆری ( Su-35)، ئەمریکاش رایگەیاند لەچوارچێوەی یاسای روبەروبونەوەی نەیارەکانی ئەمریکا بەسەپاندنی سزا دەتوانێت سزا بەسەر میسردا بسەپێنێت.

نیشانەکردن :

#ئه‌مریكا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP