بەپەلە

پۆمپیۆ: داوامان لەخۆپیشاندەرانی ئێران کردوە وێنەی ڤیدیۆیی توندوتیژییەکانی دەسەڵاتدارانمان بۆ بنێرن

- 11/22/2019 8:57:00 AM 1706 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

مایک پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، داوایان لەخۆپیشاندەرانی ئێران کردوە فۆتۆ و وێنەی ڤیدیۆیی پەلامارەکانی دەسەڵاتدارانی ئێرانیان بۆ بنێرن.
داوام لەخۆپیشاندەرانی ئێران کردوە فۆتۆ و وێنەی ڤیدیۆیی و بەڵگە و زانیاری بەردەستیان لەبارەی پەلامار و توندوتیژییەکانی دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ بنێرن

لەپێگەی تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، بەهەردو زمانی ئینگلیزی و فارسی، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا نوسیویەتی، " داوام لەخۆپیشاندەرانی ئێران کردوە فۆتۆ و وێنەی ڤیدیۆیی و بەڵگە و زانیاری بەردەستیان لەبارەی پەلامار و توندوتیژییەکانی دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ بنێرن." 

لەتویتەکەیدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا راشیگەیاندوە ئەوان بەدواداچون بۆ ئەو ڤیدیۆیانە دەکەن و بڵاویان دەکەنەوە و سزای دەسەڵاتدارانی ئێرانیش دەدەن لەبەرامبەر دەستدرێژییەکانیان بۆسەر خۆپیشاندەران.

ئەمە لەکاتێکدایە، پێشتر بەفەرمی کۆشکی سپی پشتیوانی خۆی بۆ خۆپیشاندانەکانی ئێران دەربڕی و داوای لەدەسەڵاتدارانی ئێران کرد رێگای بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هێڵەکانی پەیوەندیکردن لەخۆپیشاندەران نەگرێت.

هاوکات، دوێنێ پێنجشەممە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دۆخی ئێران لەوپەڕی خراپیدایە و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە لەترسا ناوێرن وێنەی ڤیدیۆیی و بەڵگەنامەکانی توڕەیی خەڵک بڵاوبکرێتەوە.

سەرەتای هەفتەی رابردو بەهۆی زیادکردنی نرخی بەنزین بۆ سێ هێندە، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی زۆربەی شارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی گرتەوە بەتارانی پایتەختیشەوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP