بەپەلە

وەزیری بەرگری توركیا بیركردنەوە لە دروستكردنی دەوڵەت لە رۆژئاڤا بە دەوڵەتی "تیرۆر" ناودەبات

- 11/22/2019 8:25:00 AM 5579 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

خولوسی ئاكار، وەزيرى بەرگريى توركيا لە كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ پەرلەمانی وڵاتەكەی وەك هەمیشە هێرش دەكاتەوە سەر هێزە كوردیەكانی رۆژئاڤای كوردستان و رایدەگەیەنێت، "لە ئاكامى ئەو هێرشانەی بۆ سەر باكوری سوریا ئەنجامماندان خەياڵى دروستكردنى "رێرەوى تيرۆر و دامه‌زراندنی دەوڵەتى تيرۆر" كۆتاييهات".

هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) كە هاوپەیمانێكی بەهێزی ئەمریكا و هێزە هاوپەیمانەكانی بون لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش لە سوریا، بەردەوام لەلایەن توركیاوە تۆمەتبار دەكرێن بە تیرۆر، لەكاتێكدا ئەو هێزانە سەدان هەزار مرۆڤیان لەدەستی دڕەندەیی داعش رزگاركردوە.

لەدواین لێدوانی توركیا دژ بەو هێزانە، خولوسی ئاكار، وەزیری بەرگری توركیا دەڵێت،"لە ئاكامى ئەو هێرشانەی بۆ سەر باكوری سوریا ئەنجامماندان خەياڵى دروستكردنى "رێرەوى تيرۆر و دامه‌زراندنی دەوڵەتى تيرۆر" كۆتاييهات".

وتوشیەتی،" گفتوگۆكانمان له‌گه‌ڵ روسیا سه‌باره‌ت به‌ هه‌سه‌ده‌ تایبه‌ت ده‌بێت به‌ به‌رده‌وامى بونى هه‌سه‌ده‌ له‌و ناوچانه‌ى باكوری سوریا كه‌ ده‌كه‌ونه‌ چوارچێوه‌ى رێكه‌وتنى  ئه‌نقه‌ره‌و مۆسكۆوە"

راشیگەیاندوە،"له‌ 29ى تشرینى یه‌كه‌مى رابوردودا روسیا پێى راگه‌یاندین كه‌ 34 هه‌زار ئەندامی هه‌سه‌ده‌ به‌ قوڵایی 30 كیلۆمه‌تر لە سنورى نێوان توركیا و سوریا  كشاونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هێشتا ئه‌و هێزه‌ بونى هه‌یه‌ و داوامان له‌ روسیا كردوه‌ كه‌ چاره‌سه‌رى ئه‌و كێشه‌یە بكه‌ن".

شەوی رابردو، مەزلوم كۆبانی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) پەیامێكی لەسەر كۆمەڵكوژییەكانی توركیا لە رۆژئاڤای كوردستان بڵاوكردەوە و رایگەیاند،"روسیا و ئەمریكا لە كوشتنی منداڵەكانمان بەرپرسن".

مەزلوم کۆبانێ دەشڵێت"داوا لە روسیا و ئەمریکا دەکەین لێکۆڵینەوە لە کۆمەڵکوژیەکانی تورکیا بەرامبەر هاوڵاتیانمان بکەن".

ئەو لێدوانەی کۆبانێ  لەکاتێکدایە، وەزارەتی بەرگری تورکیا لەراگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردوە کە لەماوەی لەشکرکێشییەکەیان بۆ باکوری سوریا هیچ چەکێکی قەدەغەکراویان بەکارنەهێناوە و بەکاریشی ناهێنن.

چەندین دەزگای چاودێری مافەکانی مرۆڤی خۆجێی سوریا دڵنیایاندا لەوەی تورکیا چەکی کیمیایی قەدەغەکراوی بەکارهێناوە، ئەوە سەرەڕای ئەوەی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی باسی لەوە کرد کە ئەگەرێکی لەو جۆرە تاوانی جەنگ دەداتە پاڵ تورکیا.

تەنها رۆژێک بەر لە روداوەکە(رێکەوتی 17/10)، رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی(OPCW) رایگەیاندوە، کە پارەیان لە حکومەتی تورکیا وەرگرتوە بۆ باشکردن و بەرەوپیشبردنی تاقیگەکانیان، ئەمەش گومانی زیاتر لە بەکارهێنانی چەکی کیمیای لەلایەن تورکیا و پەردەپۆشکردنی لەلایەن(OPCW) تۆختر دەکاتەوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP