ترەمپ: ئێران لەپێناو ئاشکرانەبونی توندوتیژیەکانی، هێڵی ئینتەرنێتی داخستوە

- 11/21/2019 9:07:00 PM 1608 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دەڵێت "ناسەقامگیری ئێران گەیشتوەتە ئەوپەڕی و لەپێناو ئاشکرانەبونی توندوتیژیەکانی، هێڵی ئینتەرنێتی داخستوە".

ترەمپ لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی ئێران لە تویتەر نوسیویەتی" ئێران بە رادەیەک ناسەقامگیر بوە، کە رژێمەکەی هێڵی ئینتەرنێتی لە تەواوی وڵاتەکەدا پچراندوە، بۆئەوەی گەلی مەزنی ئێران نەتوانن سەبارەت بە توندوتیژە بێ ئامانەکانی وڵاتەکەیان قسە بکەن".

"ئەوان(حکومەتی ئێران) دەیانەوێت رونخوازی لە وڵاتەکەیندا بگەیینە نزیمترین ئاست، وادەزانن جیهان بە توندوتیژیەکانیان نازانێت" ترەمپ وای نوسیوە.


رێکەوتی 16ی ئەم مانگە و لەگەڵ فراوانتربونی خۆپیشاندانەکانی ئێران، حکومەتی تاران خزمەتگوزاری هێڵی ئینتەرنێتی پچراند، ئەمرۆ ئاژانسە فەرمییەکانی ئێران رایانگەیاند،  لە ژمارەیەک پارێزگای ئێران ئینتەرنێت کاراکراوەتەوە، دوای ئەوەی بەهۆی دروستبونی خۆپیشاندانەکانەوە راگیربون.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP