خەندان-
لە خۆپیشاندانەكانی ئەمڕۆی بەغداد، 7 كەس كوژراون و 78ی دیكە برینداربون.
بەگوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی رۆیتەرز، لە خۆپیشاندانەكانی ئەمڕۆی شاری بەغداد 7 كەس كوژراون و 78ی دیكەش برینداربون.
خۆپیشاندانەکانی عێراق لە 25ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵەوە بەردەوامی هەیە، داوا دەکەن خزمەتگوزارییە تەندروستی و پەروەردەییەکان و پرۆژەی ئاوەدانکردنەوە زیاتر بکرێن، لەگەڵ ئەوەشدا داواکارن دەستەی نەزاهە لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران بکات.
لە چوارچێوەی روبەڕوبونەوەی گەندەڵی دەستەی دەستپاکی عێراق فەرمانی دەستگیرکردن بۆ دەیان پەرلەمانتار، وەزیری پێشو، پارێزگاری ئێستا و پێشو، بەڕێوەبەری گشتی ئێستا وپێشوی عێراق دەرکردوە و زۆرینەشیان بە تۆمەتی گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی پۆستەکانیان دەستگیر دەکرێن.
تا ئێستا بەڵێنەکانی حکومەت خۆپیشاندەرانیان رازینەکردوە و بەردەوامن لە خۆپیشاندان، بەپێی دواین زانیارییەکانیش زیاتر 235 کەس کوژران و زیاتر لە 15 هەزار کەسیش برینداربون.