وەزارەتی ناوخۆی ئوردون کۆنفرانسێکی ئاینی هەڵوەشاندەوە

- 11/21/2019 7:28:00 PM 679 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزارەتی ناوخۆی ئوردون کۆنفرانسێکی ئاینی هەڵوەشاندەوە کە وەفدێکی ئیسرائیلی بەشداری تێدادەکرد.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی روسیا تودەی، ئەمرۆ پێنجشەممە وەزارەتی ناوخۆی ئوردون کۆنفرانسێکی ئاینی  لەژێر ناونیشانی ( ئاشتی نێوان ئاینەکان) هەڵوەشاندەوە کە بڕیاربو وەفدێکی جولەکە لەئیسرائیلەوە بەشداری تێدابکات.
وەزارەتی ناوخۆی ئوردون هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو کۆنفرانسە ئاینییەی روننەکردۆتەوە

بەپێی هەواڵەکە، وەزارەتی ناوخۆی ئوردون هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو کۆنفرانسە ئاینییەی روننەکردۆتەوە، بەڵام میدیاکانی ئەو وڵاتە بڵاویانکردەوە کە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی کۆنفرانسەکە لەژێر فشاری لیژنەی (باڵیۆزەکان دژی ئاسایکردنەوە)دا بوە.

کۆنفرانسەکە لەلایەن ئۆفیسی دەستەی ( دەستپێشخەری نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ ئاینە جیاوازەکان) رێکخرابو کە ماوەی چەندین ساڵە لەئۆردون کاردەکات.

لەوبارەیەوە، کۆمەڵەی دژی ئاسایکردنەوە رایانگەیاندوە، " ئەو کۆنفرانسە لەژێرکاریگەری ئیسرائیلدا رێکخرابو کە هەڕەشەیەکی بەردەوامی زایۆنیزمە بۆ حکومەتی ئوردون." 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP