لاهور شێخ جه‌نگی داوای سەردەمی یەكێتی نوێ دەكات

- 11/21/2019 7:13:00 PM 880 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

"لاهور شێخ جه‌نگی" به‌رپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری - زانیاری هه‌رێمى كوردستان، داوای سەردەمی یەكێتی نوێ دەكات و راشیگەیاندوە،"من هیچ هێڵێكم نییه‌ و كادرێكم سه‌ر به‌ یه‌كێتییم، سه‌ر به‌ هیچ كوتله‌یه‌ك نیم".

لاهور شێخ جەنگی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ڕۆژنامه‌ى "ئاژانس" رایگەیاندوە،"له‌م كۆنگره‌یه‌دا كار بۆ ناساندنی "یه‌كێتیی نوێ" ده‌كه‌ن و دوای كۆنگره‌ش یه‌كێتیی ده‌بێته‌ حزبی ده‌ستپێشخه‌ر ‌و ڕێ به‌ سیاسه‌تی ناحه‌كیمانه‌ی هیچ لایه‌نێك نادات، له‌ به‌رامبه‌ر نه‌یاره‌كانیشیدا بێده‌نگی تێده‌په‌ڕێنێت و ده‌ستپێشخه‌ری ده‌كات و ڕاشیگه‌یاندووه‌ "باوه‌ڕ ناكه‌م هیچ كه‌سێك یاخود ئیراده‌یه‌ك هه‌بێت بتوانێت ڕێگری له‌م كۆنگره‌یه‌ بكات".

لاهور شێخ جەنگی رایگەیاندوە،"دوای كۆنگره‌، یه‌كێتی گوتاری میانڕه‌وی ناسیۆنالیستی ده‌پارێزێت، نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیبون په‌ره‌پێده‌دات. به‌ ته‌واوی مانا، زیندوێتی خۆی وه‌كو حزب به‌رجه‌سته‌ ده‌كات. له‌ پێناو چاكه‌ی گشتی، بایه‌خی ته‌واو به‌ بواری پلاندانانی ستراتیژی و جێبه‌جێكردنی پلانه‌كان ده‌دات. بایه‌خ ده‌دات به‌ دروستكردنی كادری پێشكه‌وتو. سێكته‌ره‌كان له‌ یه‌كتری جیا ده‌كاته‌وه‌. به‌ به‌رنامه‌ی ورد، ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی پێش ده‌خات و له‌ ڕێگه‌ی حزب و حكومه‌ته‌وه‌، خۆی به‌ به‌رپرسیار ده‌زانێت به‌رامبه‌ر خه‌ڵك و ئاسوده‌ییان".

لاهور شێخ جه‌نگی دەشڵێت،"یه‌كێتی نوێ، كار ده‌كات كه‌ سه‌روه‌تی مه‌عنه‌ویی هه‌ڤاڵ مام جه‌لال، هیواكانی مام جه‌لال و خه‌باتی هه‌ڤاڵه‌كانی و ئاواتی شه‌هیدانی یه‌كێتیی و تێكۆشه‌رانی، بۆ ژیانێكی باشتر به‌رجه‌سته‌ بكات".

راشیگەیاندوە،"یه‌كێتیی نوێ، فیكری سیاسیی نوێ دابین ده‌كات، كه‌ له‌ خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی خه‌ڵكدا بێت و بتوانێت له‌گه‌ڵ پێویستییه‌كانی قۆناغه‌كه‌ و له‌گه‌ڵ چاوه‌ڕوانییه‌كانی كه‌سانی پێگه‌یشتوی گه‌له‌كه‌ماندا، یه‌ك بگرێته‌وه‌. له‌ كرداردا، پابه‌ند ده‌بێت پێی و له‌ ناو ڕێكخستنه‌كانی حزب و له‌ پێگه‌ و چالاكییه‌كانی حكومه‌تدا، شه‌ڕ بۆ چه‌سپاندنی ده‌كات".

ئاماژەی بەوەشكردوە،"یه‌كێتیی نوێ، له‌ بڕیاردا سه‌ربه‌خۆ و كوردستانی ده‌بێت، توانای ده‌ستپێشخه‌ریی ده‌بێت. له‌ حكومڕانیشدا، جه‌ماوه‌ری و خزمه‌تگوزار و به‌رپرسیار ده‌بێت. خاوه‌نی ڕوئیایه‌كی ڕونی سیاسی و جێگیر و هه‌ڵوێستی سه‌قامگیر ده‌بێت".

لاهور شێخ جه‌نگی وتوشیەتی،"ئه‌م یه‌كێتییه‌، خاوه‌نی په‌یڕه‌و و پڕۆگرام و هه‌یكه‌لێكی نوێ ده‌بێت، كه‌ بتوانێت له‌ كاری حزبایه‌تیدا داهێنان بكات و ئۆرگانه‌كانی، له‌گه‌ڵ پێویستییه‌كانی قۆناغه‌كه‌ و ئه‌نداماندا بگونجێنێت. هه‌یكه‌لی نوێ زه‌مانه‌تی ئه‌وه‌ ده‌كات، كه‌ پسپۆڕان و دڵسۆزان ڕۆڵی خۆیان ببینن و جێ به‌ كوتله‌گه‌ری و گه‌نده‌ڵی و په‌ككه‌وتن له‌ق بكه‌ن. سه‌ركردایه‌تییه‌كی یه‌كده‌نگ و یه‌ك مه‌ركه‌زی قیاده‌ی ده‌بێت و ده‌یپارێزێت. یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ده‌بێت له‌ پێشخستنی ژنان بۆ كاروباری گه‌وره‌ی حكومڕانی. به‌ گشتی حزبی ده‌ستپێشخه‌ر ده‌بێت نه‌ك كاردانه‌وه‌. حزبی خه‌ڵك ده‌بێت نه‌ك حزبی گروپی به‌رپرسانی ده‌سته‌گه‌ر. حزبی ئایینده‌ ده‌بێت نه‌ك به‌ ته‌نها حزبی سه‌روه‌رییه‌كانی ڕابردو".

به‌رپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری - زانیاری راشیگەیاندوە،"یه‌كێتیی نوێ، ئه‌و حزبه‌ ده‌بێت كه‌ گه‌نجان خۆیانی تیا ببیننه‌وه‌ و ته‌واوی چین و توێژه‌كان، هیوای گۆڕانكاری و نوێكردنه‌وه‌ی سیستمی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری و ئیداری و خزمه‌تگوزاریی كوردستانی له‌سه‌ر هه‌ڵبچنن و پاراستن و سه‌ركه‌وتن و پێشكه‌وتنی خۆیان و كۆمه‌ڵگه‌كه‌مانی تیادا ببینه‌وه‌".

باسی ئەوەشی كردوە كە یه‌كێتیی ده‌زگایه‌كی به‌هێزی چاودێریی ده‌بێت بۆ ناوخۆی و پشتیوانێك ده‌بێت بۆ ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی، كه‌ حكومه‌ت و حزبه‌كانی تریش بتوانن چاوی لێ بكه‌ن. ئه‌مه‌ وا ده‌كات سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتیی نوێ، قۆناغ به‌ قۆناغ هه‌مو ببن به‌و سه‌ركرده‌ جه‌ماوه‌رییانه‌ی، كه‌ گه‌لی كوردستان لێیان ڕازی بن. خه‌ڵك میدیایه‌كی به‌هێز و ڕاستگۆ و به‌رپرسیار و كوردستانیی پێویسته‌، كه‌ سه‌رچاوه‌ی زانیارییه‌كانی و بڵندگۆی داواكارییه‌كانی یه‌كێتیی دوای كۆنگره‌، بۆ پشتیوانیكردن له‌ داواكانی خه‌ڵك و به‌ ڕه‌خنه‌ و ڕه‌خنه‌له‌خۆگرتن، ئه‌مه‌ دابین ده‌كات، به‌و ئامانجه‌ی حزب و حكومه‌تێكی خزمه‌تگوزار و به‌رپرسیار و شایسته‌ به‌ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك دابین بكات.

"ئه‌م یه‌كێتییه‌، له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیی هاوسه‌نگ، ڕێز و به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش، له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی دراوسێ په‌یوه‌ندی دروست ده‌كات و پێش هه‌مو پاڵنه‌رێكی تر، ئاسایشی نیشتمانیی كوردستان و به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای خه‌ڵكی كوردستان له‌به‌رچاو ده‌گرێت و له‌گه‌ڵ دنیای ده‌ره‌وه‌، زیاتر ده‌كرێته‌وه‌"لاهور شێخ جەنگی وادەڵێت.

ئەوەشیخستۆتەرو،"یه‌كێتیی نوێ، پارێزه‌ری ده‌ستكه‌وته‌كانی گه‌لی كوردستان ده‌بێت و تا دوا هه‌ناسه‌ به‌رگری ده‌كات له‌ خاك و ماف و ده‌ستكه‌وته‌كانی گه‌له‌كه‌مان و وه‌ك هه‌میشه‌، پشتیوانی خه‌باتی ڕه‌وای هێزه‌ كوردستانییه‌كان ده‌بێت. هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و هێزه‌ گیانله‌سه‌رده‌سته‌كانی تر، به‌ دابینكردنی ته‌كنه‌لۆجیا و چه‌ك و ڕاهێنانی سه‌رده‌م په‌روه‌رده‌ ده‌كات بۆ پاڵپشتیكردنی - ستراتیژی له‌ دۆزی ڕه‌وای گه‌لی كوردستان و به‌ هه‌مو شێوه‌یه‌ك ئه‌م هێزانه‌، له‌ ده‌ستتێوه‌ردان و كوتله‌بازی و گه‌نده‌ڵی و په‌راوێزخستن ده‌پارێزێت".












Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP