دەستەی دەستپاکی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ پەرلەمانتارێکی عێراق دەرکرد

- 11/21/2019 5:29:00 PM 5834 جار خوێندراوەتەوە

خەندان -

ئەمڕۆ دەستەی دەستپاکی عێراق  فەرمانی دەستبەسەرکردنی بۆ یەکێک لە پەرلەمانتارانی ئێستای عێراق کە پێشتر پارێزگاری سەڵاحەدین بوە دەرکرد و رەوانەی دەسەڵاتی دادوەری کرد.

بەڕێوەبەرایەتی لێکۆڵینەوەی دەستەی دەستپاکی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، دادگای رەسافە کە تایبەتە بە دەستەی دەستپاکی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ یەکێک لە ئەندام پەرلەمانەکانی ئێستای عێراق، کە پارێزگاری پێشوی سەڵاحەدین بوە دەركردوە.

دەستەی دەستپاکی عێراق لەو راگەیەنراوەدا رونیکردوەتەوە، ، بەپێی کۆمەڵێک زانیاری پشتڕاستکراوە، کە لەلایەن پشکنەری گشتی وەزارەتی تەندروستیەوە دەرکراوە، پارێزگاری پێشوی سەڵاحەدین هەستاوە بە گۆڕینی پۆستی کارمەندەکانی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سەڵاحەدین، بەبێ گەرانەوە بۆ یاساکانی ئەو بەڕێوەبەرایەتیە.

لە هەفتەی رابردودا دەستەی نەزاهە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ جێگری پارێزگای سەڵاحەدین دەرکرد، بەتۆمەتی خەرجکردنی 10 ملیار دیناری عێراقی لەکاری ناپێویستدا.

لە ماوەی دو هەفتەی رابردودا، لە چوارچێوەی روبەڕوبونەوەی گەندەڵی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ دەیان پەرلەمانتار، وەزیری پێشو، پارێزگاری ئێستا و پێشو، بەڕێوەبەری گشتی ئێستا و پێشوی عێراق دەرچوە و زۆرینەشیان بە تۆمەتی گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی پۆستەکانیان دەستگیر دەکرێن.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP